ئاگادارییەک بۆ سلێمانی و گەرمیانییەکان

کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بڕۆن ناوی خۆتان بۆ حەج تۆمار بکەن

شۆڕش قادری

بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان و هەروەها هەمان بەڕێوەبەرایەتی لە سلێمانی رایانگەیاند، ناونووسین بۆ حەج دەستپێدەکات و تێچووی حەجەکەش لە ئەستۆی ئەو کەسەیە کە ناوی دەردەچێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، “باوك و دایك، هاوسەر، کوڕ، کچ، برا و خوشكی شەهیدانی سەنگەر و شەهیدانی ئەنفال، ئەوانەی ئارەزووی ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەکەن با سەردانی بەرێوەبەرایەتییمان بکەن بەمەبەستی ناو نووسین”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەمڕۆ چوارشەممەوە 2.10.2024 ناونووسین دەستپێدەکات و لە 13.102024 کۆتایی دێت.

بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان چەند خاڵێکی وەک تێبینی نووسیوە، کە بریتیین لە:

1- دەرچوونی ناوەکان بە شێوەی تیروپشکە.

2- تێچووی حەج لە ئەستۆی ئەو کەسەیە کە ناوی دەرەچێت .

3- لە کاتی ناونووسین داواکار خۆی ئامادەبێت.

4- کەسی داواکار هەویەی شەهیدانە و ناسنامەی پێبێت.

5- کاتژمێر 10ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 14.10.2024 تیروپشك بۆ ناوەکان دەکرێت .

لە لایەكی دیكە بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی سلێمانی داوا دەکات کەسوکاری شەهیدان کە نیازی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجیان هەیە لە ماوەی 10 رۆژدا سەردانیان بکەن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی ئاسانکارییان بۆ بکەن