بەهۆی رەشەباوە  

كارەبای دوكان و ناوچەكانی دەورووبەری كوژاوەتەوە 

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بەهۆی رەشەباو بارانەوە نزیكەی دوو كاتژمێرە كارەبای قەزای دوكان و ناوچەكانی دەورووبەری كوژاوەتەوە و بەڕێوبەری كارەبای دوكانیش دەڵێت، “تیمەكانمان سەرقاڵی گەڕانەوەی كارەبای قەزاكەن”.

گرفتەكە كارەبای بەشێك لە قەزای دوكان، دۆڵی خەلەكان، ناحیەی خدران، ناحیەی سورداش، قەمچوغە، كەلكە سماق و بەشێكی پێرەمەگروونیشی كوژاندوەتەوە.

عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری كارەبای دوكان بە 964ـی وت، بەهۆی ئەو رەشەباو باران و هەورە بروسكەیەی ئەمشەو گرفتێكی زۆرمان بۆ دروست بووە و هەریەك لە فیدەرەكانی (یەك و چوار و پێنج)ی دوكان، فیدەرەكانی (پێنج و شەشی) پیرەمەگروون كوژاونەتەوە.

وتیشی، بەشێكی گرفتەكە بەهۆی لێكدان و شۆتتی كێبڵەكان و سووتانی دژە هەورە بروسكەی سەر محاویلەكانەوە بووە.

“لەئێستادا فیدەری یەك چاككراوەتەوە، كۆی تیمەكانمان سەرقاڵی چاككردنەوەی فیدەرەكانی دیكەن بۆئەوەی هەرچی زووە كارەبای ناوچەكانی دیكەش بگەڕێنینەوە” بەڕێوەبەری كارەبای دوكان وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی