سەرژمێری گشتی

پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە سەرژمێری كوردستان دەستیپێكرد

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

بە مەبەستی دەستپێکردنی یەکەم قۆناغی كارى مه‌یدانى له‌ سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و ئاواییەكانی هەرێمی کوردستان، دەستەی ئاماری هەرێم دەستی بە جێبەجێکردنی پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان كرد.

دلزار حەمەساڵح بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 1.10.2024 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، پرۆسەكە ئەمڕۆ دەستیپێكرد و تیمەكان سه‌ردانى گشت ناوچه‌ شارنشين و گوندنشينه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن و به‌پێى ئه‌و ئاليه‌ته‌ى كه‌ له‌ كارى گه‌مارۆسازى و ژماره‌دانان په‌يڕه‌و ده‌كرێت، فۆرمى گه‌مارۆسازى بۆ گشت بيناكان پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌.

وتیشی: ئەمە قۆناغی یەكەمە و سەبارەت بە شاری هەولێر، سێ هەزار مامۆستا، كە پێشتر راهێنانیان پێكراوە، پرۆسەكە ئەنجام دەدەن، هەروەها لە هەموو كوردستان هەشت هەزار مامۆستا و فەرمانبەر سەرژمێرییەكە ئەنجام دەدەن، كە یەك مانگ دەخایەنێت.

وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە بارەی پرۆسەكەوە پێشتر رایگەیاندووە، لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەردەوام دەبن، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ئەو خاڵانەی هێشتا رێکكەوتنیان لەسەر نەکراوە.

داوا لە خەڵکی خورماتو دەکرێت بۆ سەرژمێری بگەڕێنەوە قەز...

داوا لە خەڵکی خورماتو دەکرێت بۆ سەرژمێری بگەڕێنەوە قەزاکە

وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا ئەوەی وتووە، “سەرەڕای ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوو به‌رده‌وام پێداگریمان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ كردووه‌، بەتایبەتی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە پرسێکی گرنگە و حكومه‌تى هه‌رێم مەبەستیه‌تى سەرژمێریی ساڵی 2024 لە پرسە سیاسی و یاساییەکان لە ئیستا و لە داهاتوودا دووربخرێته‌وه،‌ هه‌ر وه‌ك له‌ دروشمى سه‌رژمێریش هاتووه‌، ته‌نیا بۆ پەرەپێدان به‌كار بێت له‌ عێراق و له‌ هه‌رێمى كوردستان”.
“بە پێچەوانە، لەگەڵ ئەوەی دەمانەوێ سەرژمێریی بکرێ و پرۆسەکە سەرکەوتووبێت، وەڵامنەدانەوەی داواکاریەکانمان کە دەستوورییە و بەرگری دەکات لە مافی هاوڵاتیبوون لەو ناوچانەدا، ئەگەرەکان بە کراوەیی دەهێڵنەوە بەرامبەر حکومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست بۆ پاراستنی مافەکانی دانیشتووان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور وهیوادارین لەم نزیکانە بگەین بە ئەنجام لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ بۆ جێبەجێ کردنی ئەم پرۆژە گرنگە”، لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی پلانداناندا هاتووە.
بڕیارە 20.11.2024 سەرژمێریی گشتیی لە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.

27  ساڵە لە عێراقدا پڕۆسەى سەرژمێرى ئەنجام نەدراوە و دواینجار پڕۆسەى سەرژمێرى ساڵى 1997 بوو کە ئەوکات دانیشتووانى عێراق، بەبێ هەرێم 19 ملیۆن و 184 هەزار 543 کەس بوو.
یەکەم سەرژمێری گشتیى لە عێراق ساڵی 1934 ئەنجامدرا، ئەوکات ژمارەی دانیشتووانەکەی سێ ملیۆن و 380 هەزار کەس بوو.