"کۆميسیۆن لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکات"

کەوتنی فلێکسی بانگەشەی کاندیدەکان مەترسیان دروست کردووە

شۆڕش قادری

کەوتنی فلێکسی بانگەشەی کاندیدەکان مەترسیان بۆ سەر هاوڵاتیان و شۆفێران دروستکردووە و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، کۆمیسیۆن سەرپێچییەکان دەستنیشان دەکات و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئەگەر ئەم رۆژانە بەسەر شەقام و جادەی شارەکانی هەرێمی کوردستان گوزەر بکەیت، دەبینیت کە بە دەیان فلێکس و تابلۆی بانگەشەی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کەوتوون و چەند جارێکیش زیان بە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان کەوتووە و مەترسی جددیان دروست کردووە.

سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە و رێکارە یاساییەکان، 964 پەیوەندی بە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرەوە کرد و ئەو وتی، “سەرجەم سەرپێچییەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەستنیشان دەکرێن و دواتر لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکات”.

“هیواداراین هەموو کاندیدە و لایەنە سیاسییەکان پابەندی رێوشوێن و رێکارە یاساییەکان بن”، ئومێد خۆشناو وای وت.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر ئەو پرسە، 964 پەیوەندی بە مەروان محەمەد بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.