سوودانی هەنگاوەکانی هەمواری دەستوور خێراتر دەکات

964+

توانا نەقی

بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی هەموارکردنەوەی دەستوور، سەرۆک وەزیرانی عێراق شارەزایەکی یاسایی دەکاتە راوێژکاری دەستووری.

ئەمڕۆ 29ی کانونی دووەم، بە بڕیاری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەسەن ئەلیاسری وەک راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دەستوور دامەزراند.

نووسینگەی سوودانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، کە ئەلیاسری ئەرکەکانی بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەلاتی یاسادانان دەستپێدەکات، هەروەها گفتوگۆ کردن لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری بەمەبەستی گەیشتن بە نەخشەڕێگایەک بۆ ئەنجامدانی هەموارکردنی دەستوور.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بڕیارەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە دووربکەونەوە لەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەبووە، بە تایبەت لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندار بووە بە دەستوورەوە.

حەسەن ئەلیاسری، بەرەگەز عەرەبە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆراییە لا یاسادا، پێشتر سەرۆکی دەستەی نەزاهەی عێراق بووە و راوێژکاری لیژنەی نوسینەوەی دەستوور بووە.  

هەر ئەمڕۆ 29ی کانونی دووەم، فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ عزەت سابر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وەک بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری غاز لە عێراق دەرچوو، فەرمانەکەش بە واژووی یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە بڵاوکرایەوە.