باڵەخانەی پاسپۆڕتی هەولێر _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
بۆ منداڵى تازە لەدایکبوو ریکارەکە چۆنە؟
پاسپۆرتى هەولێر لە بارەى نۆرەگرتنى ئەلیکترۆنى هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە
وریا فەتاح
پاسپۆرتى هەولێر بڵاوى کردەوە کە سیستمى نۆرەگرتنى ئەلیکترۆنى کارایە، لە بارەى رێنماییەکانى دەرهێنان و نوێکردنەوەى پاسپۆرتیش روونکردنەوە دەدات.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ئاگادارییەکدا بڵاوى کردەوە کە سیستەمی ئەپڵیکەیشنی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی کارایە و هاوڵاتیان دەتوانن نۆرە دابنێن بۆ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە ھەرچوار نووسینگەی سنووری پارێزگای ھەولێر( نووسینگەی یەکی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، نووسینگەی دووی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران و نووسینگەی پاسپۆرتی کۆیە).
رونیشى کردووەتەوە کە دەرهێنانى پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى ئەمانەى پێویستە:
1- دانانی نۆرە لە ئەپلیکەیشنی (جواز السفر العراقي الاكتروني) کە بۆ هەردوو سیستەمی ئاندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەستە یان لەرێگای ویبسایت دەتوانی حجزەکە بکەن، نۆرەکە بە ناوی خۆت تۆمار بکە (حجز الاكتروني) کات و رۆژی سەردانت دیاری دەکەیت و لە کۆتاییدا بارکۆدێکت بۆ دیار دەکەوێت وێنەی بگرە و لەمۆبایلەکەت ھەڵیگرە لە رۆژی سەردانی کردنت بەکاردێت بۆ رایی کردنی مامەلەکەت.
2- پێویستە کارتی بانکی (ماستر کارد یان ڤیزا کاردت پێ بێت لەکاتی سەردانی کردن ) و بەناوی خۆت بێت و بە دیناری عێراقی تێدابێت بۆ پێدانی رسوومات کە بڕەکەی 91 هەزار دینارە.
3- کارتی نیشتمانی رەسەن.
4- کارتی زانیاری رەسەن ، لە ئێستادا مەرجە کارتی زانیاری سنووری پارێزگای هەولێر بێت.
5- پاسپۆرتی کۆن ئەگەر مامەڵەکەت بۆ نوێ کردنەوەی پاسپۆرت بێت.
لەبارەى منداڵى تازە لە دایکبوو، پاسپۆرتى هەولێر روونى کردووەتەوە کە بۆ دەرهێنانى پاسپۆرت پێویستە، کارتى نیشتمانى خۆى و باوکى و کارتى زانیارى و بەڵگەنامەى لەدایکبوون و کۆپى پاسپۆرتى دایک و باوک ئەگەر هەبێت، ئەوە بۆ منداڵى خوار 18 ساڵیش بە هەمان شێوەیە.
بۆ ئەوانەشى لەسەرووى 18 ساڵین، پاسپۆرتى هەولێر جەختى کردووەتەوە کە ئەگەر داواکار هاوسەرگیرى نەکردبوو، کارتى نیشتمانى رەسەنى خۆى و کارتى نیشتمانى باوک و کارتى زانیارى رەسەنى باوکى، پێبێت.
وەک ئەوەى روونکراوەتەوە، ئەگەر منداڵ باوکى کۆچى دوایى کردبوو یاخود جیابوونەوە، پێویستە بەڵگەنامەى پێسپاردن و کارتى نیشتمانى و کارتى نیشتمانى دایک و کارتى زانیارى بەناوى دایکى، پێبێت.
“ئەگەر منداڵ باوکی لەدەرەوەی وڵات بوو، ئەوان حجة الوصاية المؤقتة (بەزمانی عەرەبی) + کارتی نیشتمانی خۆی و دایک و باوکی (ڕەسەن) +کارتی زانیاری باوکی (ڕەسەن)ـى پێویستە.
جەختیشکراوەتەوە، هەر کەسێک لە کاتى نۆرەى خۆیدا سەردانى نوسینگەى پاسپۆرت نەکات، نۆرەکەى دەفەوتێت و ئەوانەشى ئێواران نۆرەیانە پێویستە دوو کاتژمێر پێشتر سەردانى نوسینگە بکەن.