سەرمایەدارێکی شارەکە بودجەکەی تەرخان کردووە
بەشێک لە یارییەکانی پارکی دەروازەی رانیە نۆژەن کرانەوە
+964
ژێوار خدر
ماوەی چەند ساڵێکە یارییەکانی ناو پارکی دەروازەی رانیە تێکشکاون و ئێستاش سەرمایەدارێکی شارەکە بەشێک لە یارییەکان و هەندێ شوێنی پارکەکەشی نۆژەن کردووەتەوە، شارەوانی رانیەش پلانی هەیە تەواوی پارکەکە نۆژەن بکاتەوە و پارک و شوێنی یاری زیاتر بۆ منداڵان دروست بکات.
بەکر محەمەد، کارمەندێکی شارەوانی رانیەیە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، لەلایەن سەرمایەدارێکی شاری رانیەوە بەشێک لە پارکەکە و یارییەکانی نۆژەن کراونەتەوە، بەڵام ئەوە بەشێکی کەمی پارکەکەیە و هەمووی نیە.
وتیشی، بڕی ئەو پارەیەی بۆ نۆژەن کردنەوەکە تەرخان کراوە نزیکی سێ ملیۆن دینار بووە، جگە لە نۆژەن کردنەوەی یارییەکان و دابین کردنی یارییەکی زیاتر، بەشێک لە دیوارەکانی پارکەکە بۆیاخ کراونەتەوە و بیهارتۆنەکانیش نوێ کراونەتەوە، لە داهاتوودا پلانیان هەیە تەواوی پارکەکە نۆژەن بکەنەوە.
روونیشیکردەوە، رانیە شوێنی یاری کردن و پشوودان بۆ منداڵان زۆر کەمە و لە هەوڵدان شوێنی زیاتر بۆ منداڵان دابین بکەن، بەتایبەتیش لە ناو بازار و سەنتەری شار، نەیشاردەوە شارەوانی رەزامەندە لەسەر دابین کردنی شوێن بۆ ئەم مەبەستە.