لە کەرکوک
بەڕێوەبەرێک خەریکبوو زەوی حەرام وەربگرێ پێیان زانی
964+
ئەحمەد مستەفا
دەستەی دەستپاکی عێراق، لەدوای ئەوەی بۆی روون بوویەوە بەڕێوەبەری لقی کەرکوکی سندوقی نیشتەجێکردنی عێراق، بە ساختەکاری زەوی وەرگرتووە و هاوکاری سپیکردنەوەی پارە بووە لە پڕۆژەیەکدا، هێز چوون دەستگیریان کرد.
لە راگەیەندراوێک دەستەی دەستپاکی عێراق ئەمڕۆ شەممە 28.9.2024 دەڵێت، “لە ئەنجامی ئەنجامدانی تاوانی ساختەکاری و دەستکاریکردنی بەڵگەنامەکانی تەرخانکردنی پارچە زەوییەک بەڕێوەبەری لقی کەرکوکی، سندوقی نیشتەجێکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە”.
جگە لە کۆمسیۆنی دەستەی دەستپاکی، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک تیمێکی کاری پێکهێناوە؛ “بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو زانیارییانەی لە سکاڵایەکدا هاتووە کە تیایدا بەرێوەبەری لقی سندوقی نیشتەجێبوونی عێراقی لە کەرکوک پارچە زەوییەکی نیشتەجێبوونی وەرگرتووە لە رێگەی دەستکاریکردن و ساختەکردنەوە”.
تیمەکە دوای لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی وردی زانیارییەکان و بەدەستهێنانی فەرمانی دادوەری، “فەرمانی دەستگیرکردنەکەیان جێبەجێکردووە کە لە دژی سکاڵاکارەکە دەرچووە”، لەسەر تۆمەتی ساختەکردنی کۆپییەکی تۆمارێک کە لەلایەن بەشی باری شارستانی کەرکوکەوە دەرچووە، لەگەڵ بەڵگەنامەیەکی ئەلیکترۆنی (بارکۆد) کە یەکێکە لە مەرجەکانی تەرخانکردنی پارچە زەوی.
لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، تیمەکان لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوە سەبارەت بەو سەرپێچیانەی کە هەمان بەڕێوەبەر هاوکاری دروستکردنی تونێلێک بووە لەناو پڕۆژەی (گەشەپێدانی دەروازەی چوونە ژوورەوەی شاری کەرکوک، لە دیوی عەرەفە) بە تێچووی بڕی سێ ملیار دینار و 508 ملیۆن و 733 هەزار دینار، دوای تەواوکردنی وردبینی و بەدواداچوون و دانانی لیژنەیەکی تەکنیکی تایبەتمەند لە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان و پردەکانی پارێزگای کەرکوک؛ بۆ ئەنجامدانی پشکنینی شوێنەکە، دەرکەوت کە چەندین سەرپێچی لە پرۆژەکەدا هەبووە کە زیانیان بە سامانی گشتی گەیاندووە.