جوتیارانی كورد توركمان:

“كێشەی زەوییەكانمان چارەسەر نەكرێت لەسەنتەری كەركوك خێوەت هەڵدەدەین”

964+
كاروان ساڵحی-كەركوك

لە دژی رێگریکردن لە تێپەڕبوونى پرۆژەی یاسایی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرشی بەعس لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جوتیارانی كورد و توركمان گردبونەوە.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 6.9.2024 جوتیارانی كورد توركمانی لەناوچەكانی تۆپزاوە و بەشیر و یایچی و پردێ و حەمزەلی، لە بەردەم حوسەینیەى حەشدی شەعبی گردبونەوە و داوا دەكەن لە پەرلەمان خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرشی رژێمی پێشوو بكرێت.

رۆژی سێ شەممە رابردوو بۆ جاری دووەم ئەو پرۆژە یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی نارەزایەتی پێكهاتەی عەرەب رێگرى لە تێپەڕبوونى کرا.

ساتع ناسیح نوێنەری جوتیارانی تۆپزاوە بە 964ـی وت،” درك بەوە دەكەین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو پرۆژە یاسایە هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی بەعس، بەڵام ناهیڵن تێپەڕێت”.

“ئەگەر پرۆژەكە نەگەرێتەوە پەرلەمان وەك هەنگاوی یەكەم لە سەنتەری كەركوك خێوەت هەڵدەدەین”، ئەو نوێنەرى جوتیاران واى وت.

بەبڕیاری ژمارە 29ـى ساڵی 2012ـى ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوور هەڵوەشایەوە، بەڵام تاكو ئێستا بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرش  تایبەت بە تەعریبی زەوی و زار هەڵنەوەشاوەتەوە.

بەدواداچوونى پێشووى 964 بۆ کێشەکە:

ئەو شوێنانەى کەرکوک کە جوتیارانى کورد و بەشێکى تورکمان کێشەى زەوى و زاریان هەیە ئەمانەن (سەنتەرى کەرکوک، لەیلان، داقوق، دوبز، سەرگەڕان، تازە، تۆبزاوا، یایچىن، بەشیر، پەڵکانە و چەندین گوند و ناوچەى دیکە).

لەم شوێنانەى کە ئێستا جوتیارانى کورد و تورکمان کێشەى موڵکایەتییان هەیە، لە بنەڕەتدا خاوەنەکانیان زۆرینەى کوردە و تاپۆى رەشى ساڵى 1937یان هەیە، بەڵام بە بڕیارى 949 کە حکومەتى ئەوکاتى عێراق لە ساڵى 1975 دەریکرد دەستیان بەسەر زەوى 10 گوندى سنورى سەرگەڕاندا گرت و خەڵکەکەیان ئاوارە کرد و عەرەبى هاوردەیان خستە شوێنیان.
دواتر لە ساڵى 1987 بەشى دووەمى زەوییەکانى چەند گوندێکى دیکەیان دەستبەسەرداگرت و خەڵکەکەیان ئاوارە کرد.
لە هەردوو حاڵەتەکە عەرەبى هاوردە هاتنە سەر زەوى و ماڵى جوتیارانى کورد.

بە گشتى بنەڕەتى کێشەکان دوو بڕیارى لەپشتە کە ئەمانەن:

یەکەم: بڕیارى لیژنەى کاروبارى باکور لە ساڵى 1987 بەو بڕیارە 900 هەزار هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى جوتیارانى کورد و تورکمان لە خاوەنە رەسەنەکانیان وەرگیرایەوە و درا بە عەرەبى هاوردە.
دووەم: بڕیارى ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش (قیادة الثورة) کە لە ساڵى 1982 دەرکرا، بەپێى ئەم بڕیارە 300 هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى لە جوتیارنى کورد و تورکمان وەرگیرایەوە و ناچارکرا بە بڕە پارەیەک وەک قەرەبوو، دواتر ئەو زەوییانە بەشێکى درا بە عەرەبى هاوردە و بەشێکى دیکەشى درا بە چەند وەزارەتێکى حکومەت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

جوتیارانى کورد لە کەرکوک بە تەنیا جێهێڵدراون

جوتیارانى کورد لە کەرکوک بە تەنیا جێهێڵدراون