سینەما و شێوەكاری بەیەكەوە

دەرهێنەرێكی كورد بەشداریی فێستیڤاڵی فیلمی ژاپۆنی كرد

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

کامیران بێتاسیی دەرهێنەری كورد، لە ژاپۆن بە فیلمی “ژووری بچووک” بەشداریی فێستیڤاڵی فیلمی ئۆساکای كرد.

کامیران بێتاسی لەدایکبووی ساڵی 1972 یە لەزاخۆ، دەرهێنەرێکی دیاری کوردە و زیاتر لە 140 بەرهەمی جیاجیای هەیە، ئێستاش خەریکی شەش بەرهەمی دیكەیە، کە یەکێکیان دروستکردنی کلیپێکە بۆ هونەرمەند حەسەن شەریف.

كامیران لە رۆژانی رابردوو بە نوێنەرایەتیی کوردستان و عێراق بانگهێشتی ئۆساکای وڵاتی ژاپۆن کرا بۆ بەشداریكردن لە فێستیڤاڵی فیلم، کە زیاتر لە 50 وڵاتی جیاجیا بەشداربوون و یەک هەفتەی خایاند.

کامیران بێتاسی بە 964 وت، “بەشداریكردن لە فێستیڤاڵەكەی ژاپۆن بۆ من گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، چونکە لە وڵاتێکی تایبەت بوو، بە کولتووری ژاپۆن زۆر سەرسام بووم و زۆرێک لە ئەکتەر و دەرهێنەرانی جیهانیم بینی، سوپاسی باڵیۆزی عێراق پاوان زاوێتەیی دەکەم، كە زۆر هاوكارم بوو”.

وتیشی، “فێستیڤاڵەکە هەر فیلم نەبوو بە تەنیا، بەڵکو شێوەکاریش رۆڵی تێدا هەبوو، من بە کورتە فیلمی “ژووری بچووک ” بەشدارییم كرد، ئێستاش سەرقاڵی شەش بەرهەمی دیكەی هونەریم”.

بێتاسی بە قسەی خۆی، بەشداری لە نزیکەی 40 فێستیڤاڵی جیهانی کردووە و 30 خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

حەمید یوسف: سینەمای كوردی پێویستی بە پلاتفۆڕمێكی فیلم ...

حەمید یوسف: سینەمای كوردی پێویستی بە پلاتفۆڕمێكی فیلم و درامایە