لە جیهاندا رێژەى گەشتیاران چەندە؟

بانگەشەى هەڵبژاردن کاریگەرى لەسەر هاتنى گەشتیار هەبووە بۆ هەرێمى کوردستان؟

964+

وریا فەتاح

لەماوەى چوار ساڵى رابردوودا قەبارەى وەبەرهێنان لە کەرتى گەشتوگوزارى هەرێمدا 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، دەستەى گەشتوگوزاریش پلانێکى هەشت ساڵەى هەیە بۆ ئەوەى لە هەر چوار وەرزەکەدا گەشتیار رابکێشێت.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێم بە 964ـى وت،” تائێستا هیچ ئامارێکى فەرمى لەبەردەست نییە کە ئەمساڵ چەند گەشتیار هاتووەتە هەرێم، بەڵام پلانمان هەیە بە میکانیزمێکى نوێ بۆ داهاتوو لە رێگەى فۆڕمێکەوە ژمارەى دروستى گەشتیاران و تەمەن و شوێنیان بزانین، نەک وەک پێشووتر ژمارە بڵێین”.

ئەوەى لەبەردەست دەستەى گەشتوگوزارە تەنیا تەنیا ئامارى گەشتیارانە بۆ جەژنى قوربان کە 348 هەزار و 331 گەشتیار بۆ پشووەکانى جەژنى قوربان روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە، لەبارەى ئەوەى هەر گەشتیارێک چەندى خەرج کردووە، وتەبێژى دەستەى گەشتوگوزار وتى،”ئامارى تەواوەتى لەبەردەست نییە، چونکە لە هەرێم و عێراق سیستمى دیجیتاڵى و بانکى نییە، بەڵام بەپێى تەخمینى هەر گەشتیارێک بۆ سێ رۆژ مانەوە 250 بۆ 300 دۆلارى خەرج کردووە”.

لەبارەى ئەوەى بانگەشەى هەڵبژاردن کاریگەرى کردووەتە سەر کەمبوونەوەى گەشتیاران، وتەبێژى دەستەى گەشتوگوزار وتى،”ئەوە پرسێکى ناوخۆییە و تایبەتە بە هەرێم نەک هەموو عێراق، بۆیە بانگەشە کاریگەرى لەسەر گە هاتنى گەشتیاران دروست نەکردووە”.

ئاشکراشى کرد، لە ماوەى چوار ساڵى رابردوودا حکومەت زۆرترین گرنگى بە کەرتى گەشتووگوزارداوە، بەشێوەیەک وەبەرهێنان لەو کەرتە 42%ـى کۆى وەبەرهێنان بووە کە بە بەهاى 7 ملیار و 500 ملیار دینار، پڕۆژەى ستراتیژى گەشتیارى ئەنجامدراون.

“پلانێکى ستراتیژی هەشت ساڵیمان هەیە کە خۆى دەبینێتەوە لە پەرەپێدان بە کەرتى گەشتیارى هەرچوار وەرز نەک تەنیا وەرزى هاوین، ئەوەش بۆ ئەوەى بتوانین پێشوازى لە زۆرترین گەشتیار بکەین لە هەموو وەرزەکانى ساڵدا”.

27ـى ئەیلول رۆژى جیهانى گەشتیارییە، ساڵانا ملیونان کەس لە جیهاندا گەشت دەکەن و داهاتى کەرتى گەشتیاریش هەلیکارى بۆ ملیۆنان کەس لە جیهاندا دروستکردووە.

لە ساڵى 2023دا، 1.3 ملیار گەشتیارى نێودەوڵەتى هەبووە، ئەوەش بەراورد بە ساڵى 2022 بەڕێژەى 33% زیادى کردووە.

ریزبەندى 10 شوێنی گەشتیاری نێودەوڵەتی لە ساڵی 2023دا بریتی بوون لە:

فەرەنسا 100 ملیۆن گەشتیار

ئیسپانیا 85.2 ملیۆن گەشتیار

ئەمەریکا 66.5 ملیۆن گەشتیار

ئیتاڵیا 57.2 ملیۆن گەشتیار

تورکیا 55.2 ملیۆن گەشتیار

مەکسیک 42.2 ملیۆن گەشتیار

بەریتانیا 37.2 ملیۆن گەشتیار

ئەڵمانیا 34.8 ملیۆن گەشتیار

یۆنان 32.7 ملیۆن گەشتیار

سویسرا 30.9 ملیۆن گەشتیار