بازاڕ چۆڵە و خەڵک تەنیا کەرەستەی رۆژانە دەکڕێت

+964
ئەحمەد مستەفا- سلێمانی

بازاڕی سلێمانی چۆڵ بووە و خەڵک تەنیا بۆ کڕینی کەلوپەلی رۆژانە روودەکەنە بازاڕ، مامۆستایەکی زانکۆش هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی و بارودۆخی سیاسی دەگەڕێنێتەوە.

د.کامەران قادر، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری دارایی و بانک بە تۆڕی964ی وت : خەڵک بەرچاوی روون نییە لەوەی سیاسەت چی بەسەر دراوی عێراقیدا دەهێنێت، بۆیە جوڵەی بازاڕ بە تەواوی لاواز بووە، سەرەڕای ئەوەی کە بازرگانان بەردەوامن لە هێنانی کاڵا، بەڵام خەڵک نایکڕێت چونکە نایەوێت لەم کاتەدا پارەی زیاد لە پێوست خەرج بکات، ئەمەش وایکردووە کە تەنانەت بازاڕی خانووبەرە و سەیارەش بوەستێت.

دەربارەی ناهاوسەنگی لەنێوان داهاتی تاک و نرخی کاڵا، کامەران قادر باس لە جێگیری داهاتی تاکی کوردستان دەکات بەرامبەر نا جێگیری نرخی کاڵاکان کە بەردەوام بەرز دەبنەوە، پێیوایە ئەمەش وادەکات خواستی شت کڕین کەم ببێتەوە، هەروەها ترسی خەڵکیش دەهێنێتەوە یاد کە وایکردووە دەست بە پارەکەی بگرێت و لەوەی کە زەروورە زیاتر نەیکڕێت.