964 سۆراغى كردووه
کەیسی ئه‌و گەنجە بەخشراوەی ھەڵەبجە بە کوێ گەیشت كه ماڵى پڕكردبوو له زبڵ و خاشاك؟
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
ئەو گه‌نجه بەخشراوەی هه‌ڵه‌بجه کە له کۆتایی مانگی حەوتی ئەمساڵ، به‌هۆى كۆكردنه‌وه‌ى کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا، سكاڵاى له‌سه‌ر تۆماركرابوو، كهیسهكهى له‌و قۆناغى لێكۆڵینه‌وه دایه.
دانیشتووانی گەڕەکی گوڵان له هه‌ڵه‌بجه سکاڵاكهیان تۆماركردووه، وتویانه بۆنی ناخۆشى ئه‌و زبڵ و خاشاكه هه‌راسانى كردوون.
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964 ئێستا كه‌یسی به‌خشراوه‌كه له داواكارى گشتى هه‌ڵه‌بجه‌یه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دادوەر حەیدەر مەحموود ده‌ڵێت، خێزانی ئەو بەخشراوە، ھانی دەدەن بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ خاشاک، دواتر ئەو شتانەی کە کەڵکی فرۆشتنیان ھەیە، دەیفرۆشنەوە، و لە رێگەیەوە، قازانجی ماددی دەکەن.
حه‌یده‌ر مه‌حمود كه له داواكارى گشتى هه‌ڵه‌بجه‌یه ده‌شڵێت “كەیسەکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە، و داوا لە شارەوانی و فەرمانگەی ژینگە کراوە، نوێنەرییان بنێرن، بۆ ئەوەی وتەیان لێوەربگیرێت”.
لایخۆشییه‌وه، پارێزەر محەمەد سەید حەکیم، پارێزەری فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجە، بە 964ی راگەیاند ، ئه‌وان ھیچ سکاڵایەکیان له دژی ئەو بەخشراوە تۆمار نەکردووە، و ئاگاداری ئەوەش نین کە لە داواکاری گشتییه‌وه سكاڵاى لە دژی ھەبێت.
وتیشی “بەپێی مادەی 60 له یاسای سزادانی عێراقی به ژمارە 111ـی ساڵی 1969، ھەر کەسێک کەیسێک یان سكاڵایەکی لەسەر بکرێتەوە، بەڵام لە ئەنجامی پشکنینی پزیشکی دەربکەوێت، کە کێشەی دەروونی ھەیە، ئەوا دۆسیەکەی دادەخرێت”.
پێشتر، سه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى هه‌ڵه‌بجه به 964ـى راگه‌یاند بوو، كاتێك لیژنه‌یان ناردبووه ئه‌م ماڵه بۆیان ده‌ركه‌وتبوو كه كۆكردنه‌وه‌ى زبڵ و خاشاكه‌كه، ببووە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش و بێزارکردنی هاوڵاتیان.
وتیشی “هه‌ر له‌وكاته‌وه بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و کاروباری کۆمەڵایەتیمان ئاگاداركرده‌وه، كه چاره‌سه‌رى به‌خشراوه‌كه بكه‌ن”.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن