جارێ هەر دەبێ چاوەڕێ بکەین

دوای 20 رۆژ هێشتا نرخی بەنزین وەک خۆیەتی و هەرزان نەبووە

شۆڕش قادری

20 رۆژ بەسەر بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بۆ هاوردەکردنی زیاتری سووتەمەنی تێپەڕی، بەڵام نرخی بەنزین وەک خۆیەتی و هەرزان نەبووە.

رۆژی پێنجشەممە 5.9.2024 وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، دەستیکردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و بڕیاریانداوە، لەڕێی زیاتر هاوردەکردنی بەنزینی بازرگانی، نرخی بەنزینی نۆرماڵ کەم بکەنەوە، هەرچەندە خەڵک چاوڕێ بوو دوای ئەو بڕیارە بەنزین هەرزان بێت، بەڵام هێشتا نرخەکەی وەک خۆیەتی و تەنانەت لە هەندێک شوێنیش کەمێک گرانتر بووە.

بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە 964ـی وت، “پێشبینی ناکرێت بەمزووانە بەنزین هەرزان ببێت، چونکە بەنزینی بازرگانی جیاوازە لە بەنزینی حکومی و دەبێت حکومەت پاڵاوگەی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت نرخی بەنزین کەم بکاتەوە”.

هەر سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندی بە جەنگی مەجید وتەبێژی کۆمەڵەی بەنزینخانەکانی هەولێر کرد و پرسیاری ئەوەمان لێکرد، هۆکار چییە بۆ هەرزان نەبوونی بەنزین، ئەو وتی، “دەبێت حکومەت و سامانە سروشتییەکان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە”.

بەپێی زانیارییەکانی 964 ئەمڕۆ چوارشەممە 25.9.2024  نرخی هەر لیترێکی بەنزین نۆرماڵ لە سلێمانی 900 دینار، موحەسەن هەزار و 125 دینار، سۆپەر هەزار و 275 دینار و نرخی هەر لیترێک گازیش، 650 دینار بووە.

لە هەولێریش هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە نێوان 820 بۆ 900  دینار و موحەسەن بە هەزار و 200 دینار و سۆپەریش بە هەزار و 300 دینار دەفرۆشرێت.