بە فڕۆکە لێیاندرا
لە باشووری کەرکوک پێنج چەکداری داعش کوژران
کاروان ساڵحی-کەرکوک
لە باشووری کەرکوک حەشارگەیەکی چەکدارانی داعش بە فڕۆکەی F16 بۆردومان کرا و پێنج چەکداری داعش کوژران.
شەوی رابردوو دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر مەفرەزەیەکی چەکدارانی داعش، فرۆکەی جەنگی F16 بۆردومانی چەکدارانی داعشی کرد لە وادی زغەیتون لە باشوری رۆژهەڵاتی قەزای حەویجە و پێنج چەکداری داعش کوژران.
سەرچاوەیەک لە هەواڵگری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک بە 964ـی وت، “دوای چەند رۆژێک لە چاودێریکردنی مەفرەزەیەکی چەکدارانی داعش لە وادی زغەیتون لەلایەن تیمێکی هەواڵگری سەربازییەوە، درەنگانێکی شەوی رابردوو لە لایەن فڕۆکەی F16وە بۆردومان کران و پێنج چەکداری داعش کوژران و سەرجەم چەک و ئازوقەکەیان لە ناوچوو”.
وادی زغەیتون واتا دۆڵی زغەیتون دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی قەزای حەویجە، ناوچەیەکی سەختە و بەهۆی زۆری قامیشەڵان و زەلکاوەوە، هێزە سەربازییە عیراقییەکان بە شێوەی پیادە ناتوانن بەتەواوی بگەن بەو دۆڵە، هەربۆیە پێی دەوترێت (وادی الموت) واتا دۆڵی مەرگ.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری