زیاتر لە 10 ساڵە مامۆستایانی دهۆک چاوەڕێی شارەکەیانن

964+

عەمار زێباری – دهۆک

 زیاتر لە 10 ساڵە پرۆژەی شاری مامۆستایانی دهۆک تەواو نەکراوە، یەکێتی مامۆستایان دەڵێت، پارچە زەوییەک بۆ دروستکردنی پرۆژەکە دابین کرابوو، بەڵام ئەویش نەماوە.

وەهبی یونس، بەرپرسی لقی یەکێتی مامۆستایانی دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، ساڵی 2013 لە دهۆک پارچە زەوییەک لەسەر روبەری 48 دۆنم لە گەڕەکی کێڤڵا لە سنوری قەزای سێمێل دابین کرا بۆ شاری مامۆستایان، بەڵام تا ئێستا مۆڵەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەرنەچووە.

بە وتەی وەهبی یونس، ئەو زەوییەی بۆ شاری مامۆستایان لە دهۆک تەرخانکرابوو دابەشکراوە بەسەر ئەو خەڵکەی کە لەلایەن حکومەت ناویان دەرچووە بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی.

لە ساڵی 2013 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی لەسەر رووبەری 40 دۆنم زەوی هەزار و 700 شوقە بۆ مامۆستایان دروست بکرێت.

لە هەولێر و سلێمانیش پڕۆژەکە جێبەجێ کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا لە دهۆک پڕۆژەکە دروست نەکراوە.

بەرپرسی لقی یەکێتی مامۆستایانی دهۆک بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەت شارەوانی هەر جارە و بیانویەک دەهێننەوە، بەنموونە دەیانوت بەڵێندەری پرۆژەکەمان بەدڵ نیە، دەیانجار سەردانی کارگێری پارێزگای دهۆک و شارەوانی و لایەنی پەیوەندیدارمان کردوە بەڵام بێسوود بووە”.

وەهبی یونس وتیشی، دوای شەری داعش پرۆژەکە بۆ چەند ساڵێک بەیەکجاری وەستا، دوای ئەوە نوسراوێک لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوو کە هەر پارچە زەویەک پرۆژەی تێدا دروست نەکراوە واتە تەنیا زەوی بێت رادەگیرێت.

لە سنوری پارێزگای هەولێر 13 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە قیستی 100 مانگ و بەنرخێکی گونجاو دابەشکراون، لە سلێمانیش نزیکەی هەزارو 850 شوقە بەقیستی 100 بۆ 110 مانگ دابەشکراون.

ژمارەی مامۆستایانی پارێزگای دهۆک 27 هەزار مامۆستایە.