لە هەولێر

پڕۆژەی ئاوەڕۆی چارەسەری لافاو بەرەو كۆتاییە

ئەرسەلان عەبدوڵا

پڕۆژەی ئاوەڕۆی چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی 150مەتری خێرا لە هەولێر بەرەو قۆناغی کۆتایی دەچێت.

پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، بە مەبەستی زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی لافاو، پڕۆژەی ئاوەڕۆی چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی 150 مەتریی خێرا لە هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەم زووانە تەواو دەبێت.

ئاماژەیان بەوەش كردووە، بە تەواوبوونی کارەکانی ئەم پڕۆژەیە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی لافاو لە شەقامی سەرەکی هەولێر – پیرمام و لە دەوروبەری شەقامی 150مەتری خێرا و هەروەها کەمكردنەوەی مەترسی دروستبوونی لافاو لە ناو شاوێس و گوندی کەڵەکین.

پێشتر پارێزگای هەولێر رایگەیاندبوو، كە چەند هەوڵ و رێگایەكی جیاجیان گرتووەتەبەر و بودجەی تایبەتیش بۆ رێگریكردن لە لافاو تەرخان كراوە.

لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی بارانبارینەوە، لە چەند گەڕەكێكی هەولێر لافاو روویدا و زەرەر و زیانی بە ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان گەیاند.