کچە رۆژنامەنووسێکی کورد بە دوو ساڵ بەندکردن سزادرا

+964
هێرۆ مەولودی – هه‌ولێر

نازیلا مەعرووفیان، كچه‌ رۆژنامەنووسی کورد، بە سزای بەندکردن بۆ دوو ساڵ، پێبژاردنی پارە و قەدەغەکردنی سەفەر بۆ دەرەوەی ئێران سزادرا.

بەپێی هەواڵێك، کە لە ماڵپه‌ڕی ئێران ئینته‌رناشناڵ بڵاوکراوەتەوە، نازیلا مەعرووفیان، پەیامنێر و رۆژنامەنووس، كه‌ خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە، دوای بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تاران دەستگیر کراوە.

نازیلا مەعرووفیان بە تۆمەتەکانی “چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو و درۆ، شێواندنی بیروڕای گشتی لە رێگه‌ی بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتن لە گەڵ باوکی ژینا ئەمینی”، لە لایەن دادگای ئێرانه‌وه‌ حوکم دراوە.

نازیلا مەعرووفیان، ئێستا لە زیندانی 209ـی بەندیخانەی ئەوینە لە تاران و بە پێی بڕیاری دادگا بە دوو ساڵ زیندانی، پێبژاردنی 15 ملیۆن تمەن (360) دۆلاری ئەمریکی و سەفەرنەکردن بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێران حوکم دراوە.

ژینا ئەمینی كچه‌ كوردێكی سەقزی بوو، لە 16ی ئەیلولی 2022 لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا، بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە بێ هۆش بوو، دوای سێ رۆژ لەنەخۆشخانە لە تاران گیانی لەدەستدا، لەو کاتەوە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان لە زۆربەی شارەکانی ئێران سەریهەڵداوە.