"فەقەت دامەزراندن"
یەکەمەکان بۆ 36هەمین جار چوونەوە بەر دەرگای حکومەت
964+
ئارام ئەبوزێد – هەولێر
بۆ جاری 36هەمین، دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەولێر و لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە، داواکاری بنەرەتی ئەوان دامەزراندنە بە شێوەی هەمیشەیی.
ئەمڕۆ دووشەممە 23.9.2024 ئەو دەرچووانە گردبوونەوەکەیان ئەنجامدا، چاویان لەوەیە دەرئەنجامی هەر شەش وەجبە شایستەکەی دامەزراندن لە 2017-2018 بۆ 2023-2024، سەرەڕای لیستکردنی ناوەکان و پێدانی کۆدی بایۆمەتری، بزانن چارەنووسی هەنگاوە پراکتییەکەی دامەزراندنیان بۆ دەنگی نییە.
ئەوان ژمارەیان 12 هەزار 286 دەرچووە، کاروان عەلی، نوێنەری گشتیی دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “گردبوونەوەمان لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەیەکی مەدەنییە، پێمان وایە لە پێش هەموو توێژەکان و گرنگترین توێژین، کەچی بەداخەوە مافی سەرەتایی خۆمانمان پێنادەن”.
بەشدار عەبدوڵا، یەکێکە لە دەرچووە دانەمەراوەکان و لە قەڵادزێوە چووەتە بەردەرم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر ئەو بە 964ی وت، “شەش وەجبە دامەزراندنمان وەستاوە و وا دەبێت بە حەوتەم، لە 2018-2019 یەکێک بووم لە یەکەمەکان تائێستا چاوەڕێین و وەڵامێکی پراکتیکییان نییە بۆ داواکارییەکەمان”.
خوێندکاران بە کچ و کوڕەوە لە شار و شارۆچکەی جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان 100 کەس دەبوو بەشداری گردبوونەوەکە بوون و بە دروشمی “بەڵێ بۆ دامەزراندن” لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران خواستەکەیان دەربڕێ، وسام موستەفا یەکێکە لە دەرچووەکانی دیکە ئەو بە 964ی وت”فەرمانی دامەزراندنمان بۆ دەرچووە و بایۆمەتریشمان کردووە، بەڵام وەڵاممان نادرێتەوە”.
لە دواین قسەی وەزارەتەکە، کە هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، دامەزراندنی دەرچووە سێ یەکەمەکان هەوڵی بۆ دەدرێت لە خشتە بودجەی ساڵی 2025ی عێراق جێگەی بکرێتەوە، ئەوان لەم کاتەدا بەبێ رەزامەندنی حکومەتی عێراق ناتوانن ژمارەی میلاک زیاد بکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا