چووە سەروو 75 دۆلار
نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوەکانی
964+
توانا نەقی
ماوەی چەند رۆژێکە نرخی نەوت بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت دوای دابەزینە یەک لەدوای یەکەکانی لە سەرەتای ئەم مانگەوە و ئێستا چووەتە سەروو 75 دۆلار بۆ هەربەرمیلێک.
بۆ ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ کردنەوەى بازارەکانى نەوت، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 75 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەڕێژەى 0.62 سەنت لە چاو دوێنێدا بەرزبووەتەوە
هەرچی نەوتی تێکساسیشە نرخی بەرمێلێکی 71 دۆلار و 65 سەنتە و بە رێژەی 0.65% بەرزبووەتەوە.
تەشەنەکردن گرژییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەرزى رێژەى نەوتى کۆگاکراوى ئەمەریکا لە هۆکارە سەرەکییەکانى گۆڕانکارییەکانن لە بەهاى نەوت لە جیهاندا.
ئەمە لە کاتێکدایە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان رایگەیاند، ئامادەیە نەوتی كوردستان رەوانەی دەرەوە بكات، داوای كۆبوونەوەی بەپەلەش دەكات.
كۆمەڵەكە كە بە “ئەپیكۆر” ناسراوە، دوێنێ یەكشەممە 22.9.2024 لە راگەیاندراوێكدا داوای کۆبوونەوەی “بەپەلە” سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات لە نێوان خۆیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق.
كۆمەڵەكە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەو مەرجەی دڵنیایی بدرێت شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان بدرێت و مەرجە ئابووری و بازرگانییەکانیشیان بپارێزرێن.