دوای سێ کاتژمێر

رێگای دەربەندیخان – زەڕایەن کرایەوە

شۆڕش قادری

رێگای دەربەندیخان – زەڕایەن کە بەهۆی وەرگەڕانی تانکەرێکەوە داخرابوو، دوای سێ کاتژمێر کرایەوە.

قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “کاتژمێر چواری سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 21.9.2024، تەنکەرێکی هەڵگری نەفتاو لەسەر رێگای دەربەندیخان-زەڕایەن نزیک گوندی بیرکێ وەرگەڕا و بووە هۆی راگرتنی رێگای هاتوچۆی شۆفێران”.

“دوای رووداوەکە دەستبەجێ هێزەکانی ناوخۆ کە پێکهاتبوون لە بەشی پۆلیس، بەشی هاتوچۆ و بەرگری شارستانی دەربەندیخان، راستەوخۆ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دوای هەوڵێکی زۆر و بەردەوام بە نزیکەی سێ کاتژمێر و دابین کردنی ئامێرێکی شۆفڵ، رێگاکە بەرووی هاوڵاتیان و شۆفێراندا کرایەوە”، قائیمقامیەتی دەربەندیخان وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رووداوەکە جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.