زیاتر له‌ 100 كرێكارن

كرێكارانى كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتى ته‌قته‌ق داوایان له‌سه‌ر كۆمپانیایه‌كى توركى تۆمار كرد

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

زیاتر له‌ 100 كرێكارى كێڵگه‌یه‌كى نه‌وتى ته‌قته‌ق له‌ رێگه‌ى پارێزه‌رێكه‌وه‌ داواى یاساییان له‌سه‌ر كۆمپانیایه‌كى توركی تۆمار كرد، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كرێكاره‌كانى به‌ڕێكردووه‌ و مافه‌كانیان پێنادات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19.9.2024 كرێكاره‌كان لە دادگای بەرایی كۆیە سكاڵاكه‌یان لەسەر كۆمپانیای توركی (تیتی ئۆپیكۆ) تۆمار كرد.

سرود شاخستانی، پارێزەری خۆبەخشى ئه‌م كرێكارانه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئه‌وه‌ى كۆمپانیاكە له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كرێكارانه‌ كردوویه‌تى زوڵمێكی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ سه‌ره‌ڕاى به‌ڕێكردنیان ئاماده‌ نییه‌ مافەكانیان پێبدات.

وتیشی “بەشێكی زۆری ئه‌م كرێكارەكانه‌ نزیكەی 20 ساڵە لەو كۆمپانیایە كار دەكەن، خه‌ڵكى ته‌قته‌ق و كۆیه‌، هه‌ولێر و گونده‌كانى سنوورى كۆیه‌ن”.

به‌ قسه‌ى ئه‌م پارێزه‌ره‌، بە گوێرەی یاسای كار لە هەرێمی كوردستان كرێكاره‌كان دەتوانن مافەكانیان له‌و كۆمپانیایه‌ وەربگرنەوە.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، پێویسته‌ كۆمپانیا توركییه‌كه‌ 11 موچه‌ى له‌سه‌ریه‌ك بداته‌ ئه‌م كرێكارانه‌، چونكه‌ پێشتر ده‌سته‌یه‌كى دیكه‌ى كرێكاره‌كانى به‌ڕێكردبوو و 11 موچه‌ى پێدابوون، به‌ڵام ده‌ڵێت “كۆمپانیاكه‌ ده‌یه‌وێت شتێكى كه‌میان پێبدات و له‌ دادگاش په‌نجه‌مۆریان پێبكات”.

روونیكرده‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دادگاى كار له‌ كۆیه‌ نییه‌، له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا سكاڵاكه‌ ده‌گوازنه‌وه‌ هه‌ولێر و رێكاره‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت.

پێشتر شێروان موشیر، یەکێک لەو کرێکارانەی دەرکراوە بە 964ـی وتبوو بە نامەیەک ئاگاداریان کردوونه‌ته‌وە کە لەسه‌ر کاره‌كانیان لادراون، بە بیانووی ئەوەی نەوت نەماوە و ئه‌وانیش پێویستییان پێیان نەماوە.

پرده‌كه‌ى ته‌قته‌ق كێشه‌ى تێكه‌وته‌وه‌ و مه‌ترسی...

پرده‌كه‌ى ته‌قته‌ق كێشه‌ى تێكه‌وته‌وه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژێره‌وه‌شی دروستبووه‌