لۆگۆی وەزارەتی تەندروستی.گرافیک 964
نرخەکەی گرانە
تەندروستی عێراق دەرمانی بایۆلۆجی دەداتە هەرێم
ژووری هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی عێراق رەزامەندی دا لەسەر دابینکردنی چارەسەری بایۆلۆجی بۆ ئەو نەخۆشانەی هەرێمی کوردستان کە نەخۆشی کرۆنزیان هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.9.2024، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە هەرێم دەرمانی چارەسەری بایۆلۆجی دەستناکەوێت یان زۆر گرانە، بۆیە وەزارەتی تەندروستی عێراق لەدوای داوایەکی ئەوان رەزامەندی داوە لەسەر دابینکردنی دەرمانەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.
لەبارەی بڕی ئەو دەرمانەی کە تەندروستی عێراق بڕیاری لێداوە بیداتە هەرێم، سۆران عومەر وتی جارێ نازانرێت، بەڵام دەرمانەکە بۆ موسڵ و چەند پارێزگایەکی دیکە دابینکراوە.
نەخۆشی کرۆنز دەبێتە هۆی هەوکردن لە کۆئەندامی هەرس کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئازاری سک، سکچوونی زۆر، هەستکردن بە ماندوێتی، دابەزاندنی کێش و بەدخۆراکی، چارەسەرکەشی لەرێگەی دەرمانی بایۆلۆجیەوە دەبێت.
هیوا تاهیر، تووشبوویەکی نەخۆشی کرۆنزە، ئەو بە 964ـی وت، هەر 40 رۆژ جارێکی پێویستیان بە شەش دەرزی هەیە، ئەگەرنا ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
دەرزییەکە چەند جۆرێکی هەیە لە هەرێمی کوردستان، نرخەکانیان بۆ هەر دانەیەک لە 100 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو نزیکەی 600 دۆلار، هەرزانترینەکەشیان ئەو جۆرەیە کە دروستکراوی وڵاتی ئێرانە.