25 هەزار دینار بۆ ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە حازر بکە

964+

توانا نەقی

کرێی ئەمپێری مۆلیدە بۆ مانگی کانونی دووەم، هێشتا دیاری نەکراوە، بەڵام بە وتەی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکان لە پارێزگاکانی هەرێم نرخەکان بۆ ئەم مانگە بەرزتر بوونەتەوە.

قارەمان مەولود، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی964ی وت، لە پارێزگای هەولێر بە چەند شێوازێک کارەبا دابیندەکەن هەندێک گەڕەک لەسەر داواکردنی خۆیان 24 کاتژمێر کارەبایان پێدەدەن هەندێکیشی بە پێی خشتەی مۆلیدەکان دەدرێت.

وتیشی: دەبێت حیساباتی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و خەرجی گاز دەربکەین پاشان نرخەکە دیاری دەکەین، بەڵام پێشبینی دەکەین بۆ هەر ئەمپێرێک لەنێوان 18 بۆ 20 هەزار دیناردا بێت.

تۆڕی964+ دەزانێت، کە کارەبای نیشتیمانی لە وەرزی زستاندا وەک پێوەست باش نەبووە، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ 10 کاتژمێر زیاتریش کەم بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە قورسییەکی زۆر بکەوێتە سەر مۆلیدەکان و لەم مانگەکەدا زیاتر لە 300 کاتژمێر کارەبایان دابینکردووە.

هەرچی پارێزگای سلێمانییە بۆ ئەم مانگە هێشتا ناتوانن نرخەکان دیاری بکەن بەڵام پێشبینی دەکەن کە نرخەکە بۆ ئەمپێرێک بەرزتر بێتەوە لە مانگی پێشوو، چونکە هێشتا کاتژمێرەکان و خەرجییەکانیان حساب نەکردووە، ئەمە قسەی تارق سەمین، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانییە.

هەکار هروری، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی964ی وت، بەهۆی ئەوەی لە پارێزگای دهۆک بە پێچەوانەی سلێمانی و هەلێر لەگەڵ کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێر کارەبا دابین دەکەن نرخەکان زۆر زیاتر دەبن.

“بۆ نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە لە دهۆک بۆ ئەم مانگە دەگاتە 25 هازار دینار و ئەو نرخەش هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ هاوڵاتیش کێشە دروستدەکات” هەکار هروری، وادەڵیت.