هێشتا 15هەزاری لێ ماوە
چوار هەزار عێراقی “كەمپی هۆل”یان جێهێشتووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی کۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاشكرای كرد، چوار هەزار عێراقی لە كەمپی هۆل گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا زیاتر لە 15 هەزار عێراقیی دیكە لە كەمپەكەن و 54 هەزار كەسیش لە ناو كەمپەكەدان.
کەریم نوری، بریكاری وەزیری کۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 17.9.2024 بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: حکومەتی عێراق پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەكانی دەستپێکردووە، ئەمەش دوای ئەنجامدانی وردبینییەکی ئەمنیی گشتگیر لەسەریان.
وتیشی، “نزیکەی چوار هەزار عێراقی گەڕاونەتەوە، لە کاتێکدا نزیکەی 15 هەزار کەسیان هێشتا لە کەمپەکەدان”، جەختیشیکردەوە “ئەو کەسانەی کە فایلی ئەمنییان هەیە و دەستیان بە خوێن سوورە ناتوانن بگەڕێنەوە عێراق”.
كەریم نوری ئاشكرای كرد، “هەموو ئەوانەی لە کەمپەکەدا گەڕاونەتەوە، هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنییان لە ناوچەکانیان تۆمار نەکردووە”.
“عێراقییە ئاوارەكان جیاوازن لەوانەی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیاوە هاتوون، چونكە ئەمانەی دوایی لەو وڵاتانەوە هاتوون بۆ مەبەستی شەڕکردن و نەک بۆ گەشتوگوزار، بەڵام عێراقییەكان بێتاوانن و ناکرێت بەرپرسیاریەتیی ئەوانی دیكە هەڵبگرن”.
کەمپی هۆل دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان)، نزیکەی 13 کیلۆمەتر لە سنوری عێراقەوە دوورە و لە شاری حەسەکەیە، بە گوێرەی لێدوانی بریكاری وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ئێستا نزیكەی 54 هەزار کەسی تێدایە، كە لە نەتەوەی جیاوازدان، لە ناویاندا زیاتر لە 15 هەزار عێراقی تێدایە.
کەمپی هۆل لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەکانى سووریاى دیموکرات “هەسەدە”یە، بەشێکی زۆری نیشتەجێی کەمپەکەش ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی رێكخراوی توندڕەوی داعشن.