ئەمەریکا بۆ یەکێتی و پارتی: ماڵێکی یەکگرتوو هەمیشە سەرکەوتوو دەبێت
964+
توانا نەقی
ئەمەریکا، پێشوازی لە کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی دەکات و دەڵێ: ماڵێکی یەکگرتوو هەمیشە سەرکەوتوو دەبێت.
لەگەڵ ئەوەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەکێتی بێ دەرئەنجام کۆتایی هات و لە راگەیەنراوی هاوبەشی نێوانیان هاتووە کە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە نزیکترین کاتدا دیسان کۆببنەوە.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و پێشوازی لە کۆبوونەوەکە کرد.
لە پەیامەکەدا کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەڵێت، پێشوازی لە هەوڵی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان.
ئەوەش هاتووە، پارتی و یەکێتی بەیەکەوە دەتوانن کوردستانێکی ئارام و یەکگرتوو بونیاد بنێن و ماڵێکی یەکگرتوو هەمیشە سەرکەوتوو دەبێت.
دوای ئاڵۆزییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و بایکۆتکردنی تیمی وەزاری یەکێتی لە کۆبوونەوەکان بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ، ئەمڕۆ 28ی کانوونی دووەم کۆبوونەوەی شاندی باڵای یەکێتی و پارتی لە سلێمانی بەڕێوە چوو.