روونبین: باشترین کاتە بۆ رێککەوتن
“لەگەڵ دابەزینی بەهای نەوت داواکاری عێراق لە هەرێم زیاتر دەبێت”
964+
ئەحمەد مستەفا
رێکخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە نەوت لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ئەگەر نرخی نەوت بەردەوامبێ لە دابەزین ئەو کات عێراق رەنگە زیاتر فشار لەسەر هەرێمی کوردستان بکات، بۆ رادەستکردنی تەواوی داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە.
تایبەت لە دۆخێکدا، ئەگەر نرخی نەوتی عێراق پێنج دۆلار دابەزێت لەوەی لە بودجەدا دەستنیشانکراوە کە 70 دۆلارە و ببێت بە 65 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
لە یاسای بودجەی حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2024، ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاری کراوە لە ناویشیدا، 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم هەیە، نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلارێک بە 1300 دینارە، داهاتی ئەو نەوتە خاوە، 116 ترلیۆن و 252 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.
داهاتی نانەوتیش مەزەندە کراوە بە 17 ترلیۆن و 300 ملیار و 419 ملیۆن و 63 هەزار دینار، بەوەش کۆی داهاتی عێراق دەکاتە 143 ترلیۆن و 552 ملیارو 919 ملیۆن دینار، بەپێی یاسای بودجە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەماوەی حەوت مانگی ساڵی 2024دا کۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی حکومەتی فیدراڵ 77ترلیۆن و 475ملیار و 502ملیار دیناربووە لە کاتێکدا بەپێی ئەوداهاتەی کە لە یاسای بودجەدا دیاری کراوە بۆ حەوت مانگ دەبوایە 78ترلیۆن 489ملیار و 202 ملیۆن دینار بێت.
رێکخراوەکە کە راپۆرتەکەی لە ئەیلوودا یاداشت کردووە و باسی حەوت مانگی پڕۆسەی نەوتی عێراق دەکات ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتی دابەزینی نرخی نەوت عێراق کێشەی داهات و پڕکردنەوەی بودجەی بۆ دروست دەبێت، ئەگەر نرخی نەوتی عێراق پێنج دۆلار دابەزێت لەوەی لە بودجەدا دەستنیشانکراوە واتە 65 دۆلار (نرخی نەوتی عێراق سێ بۆ چوار دۆلار کەمترە لە نرخی پێوەری جیهانی برێنت واتە گەر نرخی برێنت ببێت بە 69دۆلار) ئەوا بڕی نۆ ترلیۆن و 303 ملیار دینار کورت هێنان دەبێت لە داهاتی نەوتدا.
لە ئەگەری روودانی ئەو سیناریۆیەدا، “ئەو کات عێراق رەنگە زیاتر فشار لەسەر هەرێمی کوردستان بکات بۆ رادەستکردنی تەواوی داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، بۆیە لە بەرژەوەندی هەرێمە کێشەکانی بە تەواوی چارەسەر بکات لەگەڵ عێراقدا”.
ئەوە لە کاتێکدا ساڵێک پێش ئێستا، نرخى یەک بەرمیل نەوت لەسەروو 93 دۆلارەوە مامەڵەى پێوە دەکرا، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە 16.9.2024، نرخى یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 71 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت.