نه‌ریتێكى كۆنى ته‌كییه‌كانه
له 8 گوندى دینارته به شێوه‌یه‌كی جیاواز یادی له‌دایكبوونى په‌یامبه‌ر كرایه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له به‌شێكی گونده‌كانى ناحیه‌ى دینارته به شێوه‌یه‌كی جیاواز یادی له‌دایكبوونى په‌یامبه‌رى ئیسلام كرایه‌وه، ماڵه‌كان خواردن دروست ده‌كه‌ن و هه‌مووشیان به‌یه‌كه‌وه ده‌یخۆن، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه ده‌ڵێت، ئه‌وه نه‌ریتێكی كۆنى ته‌كییه‌كانه.
به‌پێی دیمه‌نه‌كانى گرته ڤیدیۆیه‌ك كه ئه‌مڕۆ تۆماركراوه، ده‌رده‌كه‌وێت ژماره‌یه‌كی زۆرى گه‌نج له ماڵه‌كه‌یان دێنه ده‌ره‌وه و هه‌ریه‌كه‌و سێنییه‌ك خواردنى لەسەر ده‌سته و به‌ره‌و شوێنێك ده‌ڕۆن، كه خه‌ڵكه‌كه‌ى لێ كۆبووه‌ته‌وه.
سه‌ربه‌ست سه‌برى، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى دینارته به 964ـى راگه‌یاند ئه‌م نه‌ریته له كۆنه‌وه له چه‌ند گوندێكی ناحیه‌كه‌یان هه‌یه و به‌رده‌وامییان پێداوه به‌تایبه‌تیش ئه‌و گوندانه‌ى كه ته‌كیه‌ى لێیه.
وتیشی “له هه‌شت گوندى سنووره‌كه‌یان ته‌كیه هه‌یه و موریده‌كانى ئه‌م ته‌كیانه سه‌ر به ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندین”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، به‌پێی بڕواى موریده‌كان و به گوێره‌ى پابه‌ندبوون به ته‌ریقه‌ته‌كه‌یان هه‌موو ساڵێك له رۆژى مه‌ولودى پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به‌یه‌كه‌وه لە مزگەوت و تەکییەکان نان ده‌خۆن، پێیان وایه ئه‌م یاده پێكه‌وه‌ژیان و كۆكردنه‌وه‌یان به‌هێزتر ده‌كات.