هۆکارەکە گرتنەوەی ئاوە لەلایەن ئێرانەوە

بیرەئاوەکانی کشتوکاڵ و حەوزی ماسی سنووری پشدەر لە %70 کەمیان کردووە

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک لە لایەن وڵاتی ئێرانەوە، مەترسی کەمئاوی بۆ جوتیارانی پشدەر دروستبووە، خاوەن پڕۆژەیەکی ماسیش دەڵێت، لە چوار بیری ئاو دوویانم وشکی کردووە.

ئەحمەد ئەمین، خاوەن پڕۆژەیی ماسیە لە گوندی پیران، ئەمڕۆ هەینی 13.9.2024، بە 964ـی وت، ”پڕۆژەکەمان پشتی بە ئاوی زێی بچوک بەستووە، بەڵام وڵاتی ئێران لە رێی بەنداوی کۆڵەسەوە ئاوی زێی بچوکی  گرتۆتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بە رادەیەکی بەرچاو ئاوی بیرەکانمان کەم ببنەوە و وشک ببن”.

خاوەن پڕۆژەکە رونیشیکردەوە، چوار بیری ئاوی هەیە لەگەڵ زیاتر لە 10حەوزی ماسی، لەم چوار بیرانە دوانیان بەتەواوی وشکبوون، دووەکانی تریش %70 ئاویان کەمبووەتەوە و گرفتی کەمئاویمان بۆ دروستبووە، پێشوتر هەر بیرێک ماتۆڕێکی چوار ئینجی ئاو تێیدا کاری دەکرد، بەڵام ئێستا کردویانە بە یەک ئینج و نیو بە چەند سەعاتێک وشک دەکات، ئەمەش زیانی زۆریان پێدەگەیەنێت.

بەقسەی ئەحمەد ئەمین، بەهۆی کەمی ئاوی بیرەکانەوە، خاوەن حەوزەکانی دیکەش کە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم پیشەیەیە، ماسیەکانیان وەکو پێویست گەشەیان نەکردووە، بەڵام  هەرچۆنێک بێت دەیانفرۆشن لەبەر مەترسی کەمئاوی بۆئەوەی زیانی زیاتریان پێنەگات.

”بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، پێویستە بەنداوی دەڵگە دروستبکرێت، یا لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگەچارەیەک لەگەڵ وڵاتی ئێران بگرنەبەر و ئاوی زێی بچوک بەر بداتەوە” ئەحمەد ئەمین وای وت.

زێی بچوک لە گوندی هەرزنە لە قەزای پشدەر دەڕژێتە هەرێمی کوردستانەوە، نزیکەی 400 کیلۆمەتر بە خاکی باشوری کوردستاندا تێدەپەڕێت، جگە لە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ  و سلێمانی، سەدان حەوزی ماسی و  هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵیشی بەراو کردووە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

لێڵ بوونی زێی بچوک پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێی وەس...

لێڵ بوونی زێی بچوک پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێی وەستاند