بڕیاردرا

28ـى ئەم مانگە ساڵى نوێى خوێندن لە زانکۆى سلیمانى دەستپێدەکات

964+

وریا فەتاح

زانکۆی سلێمانی وادەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی دیاریکرد و رۆژى 28ـى ئەم مانگە، دەستپێدەکات.

سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى بڵاوى کردەوە، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە رۆژی چوارشەممە  بڕیاریدا کە رۆژی 28.9.2024، دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2024- 2025 بێت.

زانکۆى سلێمانى، تەواکردنى سەرجەم پێداویستییەکانى بەشە ناوخۆییەکان و رێکارە دارایى و کارگێڕییەکانى گرێبەستى پاککردنەوەى بەشە ناوخۆییەکانى  کردووە بە مەرجى دەستپێکردنەوەى دەوام.

زانکۆى سلێمانى لە ساڵی 1968 دامەزراوە، یەکێکە لە گەورەترین و بەناوبانگترین زانکۆکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

لە ساڵی 1981 دا، رژێمی بەعس زانکۆى سلێمانیى بە زەبری هێز بۆ هەولێر گواستەوە و ناوەکەی بۆ “زانکۆی سەلاحەدین” گۆڕی.

لە ساڵی 1992 دا، زانکۆی سلێمانی بۆ جارى دووەم لەلایەن رۆشنبیران و ئەکادیمیانى کوردەوە دامەزرێنرایەوە.

زاکۆى سلێمانى لەڕووی ئەکادمییەوە هەردوو پرۆگرامی بەکالۆریۆس و خوێندنى باڵا پێشکەشدەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس، بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا، ماستەر و بڕوانامەی دکتۆرا دەبەخشێت.

زانکۆی سلێمانی چەندین گۆڤاری ئەکادیمی بڵاودەکاتەوە.

زانکۆى سلیمانى لە پێنج کەمپ پێکهاتووە:

کەمپی کۆن: دەکەوێتە ناوەندی شارەوە
کەمپی نوێ: دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکیی سلێمانی – کەرکووک
کەمپی سەیدسادق: لە شارۆچکەی سەیدسادقە
کەمپی چوارتا: لە قەزای چوارتایە
کەمپی بەکرەجۆ : دەکەوێتە گەڕەکی بەکرەجۆوە

زانکۆى سلیمانى ئەم سەنتەرانە لەخۆدەگرێت:

سەنتەرى زمان و کەلتوور
سەنتەری یەکسانیی جێندەر
سەنتەری کوردۆلۆژی
سەنتەری کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی
سەنتەری ڕاهێنانی پێداگۆجی و گەشەپێدانی ئەکادیمی
سەنتەری سیسکۆ

زانکۆى سلێمانى یەکەمە

زانکۆى سلێمانى یەکەمە