مانچێسته‌رێك بردییه‌وه‌ و مانچێسته‌رێكی دیكه‌ش ئه‌مشه‌و یاری ده‌كات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ یارییه‌كانی جامی یه‌كێتیی یانه‌كانی ئینگلته‌را، ئه‌مشه‌و مانچێسته‌ر یونایتد له‌ یاریگای خۆیدا یاریی ده‌كات، یاری لووتكه‌ش به‌ سوودی مانچێسته‌ر سیتی كۆتاییهات.

یارییه‌كانی قۆناغی چواره‌می جامی یه‌كێتیی یانه‌كانی ئینگلته‌را درێژه‌ی هه‌یه‌، ئه‌مشه‌و یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد له‌ یاریگای خۆیدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی ریدینگ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ی دوایی له‌ پله‌ یه‌كی ئینگلته‌را یاری ده‌كات.

له‌ پێكهاته‌ی مان یونایتددا، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یاریزان جادۆن سانچۆ به‌شداریی بكات، كه‌ له‌م رۆژانه‌دا گه‌ڕایه‌وه‌ مه‌شقه‌كانی تیپه‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو تووشی پێكان بوو.

مانچێسته‌ر ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ به‌ربه‌ستی ریدینگ ببڕێت و خۆی بگه‌یه‌نێته‌ قۆناغی داهاتوو.

یارییه‌كه‌ی مانچێسته‌ر و ریدینگ له‌ كاتژمێر 23:00 ده‌ستپێده‌كات.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، شه‌وی رابردوو له‌ یاریی لووتكه‌ی قۆناغی چواره‌می جامی یه‌كێتیی ئینگلته‌را، یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی به‌ 1-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی ئارسیناڵی برده‌وه‌.

هاوكات ئه‌مڕۆ چه‌ند یارییه‌كی دیكه‌ش له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌دا دێنه‌ ئه‌نجامدان.