غەتاس سووتاوە و پارە نییە
چوار گەڕەکی پێنجوێن ئاوی خواردنەوەیان بۆنی بەنزینی لێ دێت
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی قەزای پێنجوێن، لە رێگەی سۆشیال میدیاکانە باس لەوە دەکەن کە ئاوەکەیان بۆنی بەنزینی لێدێت و بۆ خواردنەوە ناشێت.
ئەو گەڕەکانەی تووشی ئەو کێشەیە بوونەتەوە و سکاڵایان هەیە، گەڕەکی راپەڕین، بووبان، مامۆستایان و شارەوانی قەزاکەن.
نزار عەبدوڵا، دانیشتووی گەڕەکی بووبان بە 964ی وت، “ماوەی 10 رۆژێک دەبێت ئاوەکەیان تام و بۆنی گۆڕاوە و بۆنی بەنزین و ژەنگی لێدێت و بۆ خواردنەوە ناشێت، بەشێک لە ماڵەکان ئاوی حکومی بەکارناهێنن بۆ خواردنەوە، بە ناچاری دەستیان بە کڕینی ئاوی سەفەری و بازاڕی کردووە”.
بە گوێرەی سۆراغی 964، هەندێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکان، “ئاوەکە دەکوڵێنن و دوای ساردکردنەوە بەکاری دەهێنن”.
سالار مەحمود، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی پێنجوێن بابەتەکەی بۆ 964 روونکردەوە و رایگەیاند، “ئەو بیرەی ئاوی لە رێگەوە پێ دەدەن بە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە، غەیاسەکی سووتاوە، ئێستا لە بیری نزیک بەنزینخانەیەک ئاو بەو ماڵانە دەدرێ، بۆیە بۆنی بەنزینی لێ دێت بەو جۆرەیە، نوسراویان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە”.
وتیشی، “وەک فەرمانگەی ئاو لەو بیرە ئاو بە هاوڵاتیان نادەن کە نزیک بەنزینخانەکەیە بەڵکو بیرێکی دیکەیان هەیە، بەڵام ماوەی هەفتەیەکە غەتاسەکەی سووتاوە و وەک رێگە چارەی بەدیل و ناچاری، بیری نزیک بەنزینخانەکە بەکاردەهێنن تا خەڵک بێ ئاو نەبن”.
دەرخستە بۆ بیرەکە کراوە و پێنج ملیۆن و 500 هەزار دیناری تێدەچێت، سالار مەحمود وتی، “بەڵام پارەمان نییە، تاوەکوو بیرەکە چاک بکەینەوە و بەردەوامیشین لە هەوڵدان بۆ ئەوەی پارەی بۆ دابین بکرێت، تەنانەت لە رێگای خێرخواز بێت یان سەرمایەدار”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا