هێرشی چەكداری
لە گوندی سێکانیان یەکێک کوژرا و یەکێکی دیکەش دەستگیر کرا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
چەند چەکدارێک لە ناو گوندی سێکانیان رووبەڕوی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە و بەپێی زانیاریی هێزە ئەمنییەکان کەسێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش دەستگیرکرا.
دانا غازی ئەنجومەنی گوندی سێکانیان بە 964ـی وت لە کاتژمێر 6:40ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە نێوان ئاسایشی نیشتمانی و هێزە ئەمنییەکانی دیکە لەگەڵ چەند چەكدارێك رووبەرووبوونەوە دروست بوو، كە لە ناو خانوویەکی گوندەکەدا بوو، لە ئەنجامدا یەکێک لە چەکدارەکان کوژراوە و یەکێکی دیکەش دەستگیركرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە نزیک روزداوەکە بە 964ی وت ، سێ لە هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون، دوو لە بریندارەکان کارمەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراقین.
وتیشی، تەقەكان کۆتاییان هاتووە و لێكۆڵینەوە دەستی پێكردووە.
تا ئێستا هێزە ئەمنییەكان پشتڕاستیان نەكردووەتەوە ئەو چەكدارانە، كە پێدەچێت دوو كەس بووبن، سەر بە چ گرووپێكن و چین.
گوندی سێکانیان دەکەوێتە سەر رێگای نێوان کەرکوک بۆ هەولێر و نزیک چێشتخانەی سلێمانی کۆن، زۆربەی دانیشتووانەکەی لە کریستیان و کورد پێکهاتووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا