بایرن میونشن میوانێكی ره‌زاقورسی هه‌یه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ یاریی لووتكه‌ی خولی ئه‌ڵمانیا، یانه‌ی بایرن میونشنی رووبه‌ڕووی یانه‌ی ئینتراخت فڕانكفۆرت ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ی دوایی ئه‌م وه‌رزه‌ ركابه‌رییه‌كی به‌هێز له‌سه‌ر پله‌كانی پێشه‌وه‌ی ریزبه‌ندیی ده‌كات.

له‌ گه‌ڕی 18ـی خولی پله‌ یه‌كی ئه‌ڵمانیا “بۆندسلیگا”، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ یاریی لووتكه‌ له‌ ئه‌لیانز ئه‌رینا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كاتێك بایرن میونشن له‌ به‌رده‌م هانده‌رانیدا به‌رامبه‌ر ئینتراخت فڕانكفۆرت یاریی ده‌كات.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌می خوله‌كه‌دا بایرن له‌ ناو فڕانكفۆرت به‌ ئه‌نجامی 6-1 گۆڵ بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ پێوه‌ر نییه‌ بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، چونكه‌ فڕانكفۆرت خۆی كۆكردووه‌ته‌وه‌ و ئێستا له‌ پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندییه‌ به‌ 31 خاڵ، جگه‌ له‌وه‌ش تیپێكی به‌هێزه‌ و به‌ ئاسانی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نادات.

یانه‌ی بایرن میونشن، كه‌ ئێستا له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندییه‌ به‌ 36 خاڵ، هه‌وڵ ده‌دات بردنه‌وه‌ تۆمار بكات و له‌ ركابه‌ره‌كانی دووربكه‌وێته‌وه‌، كه‌ نزیكترین ركابه‌ری یانه‌ی لایپزیگه‌ به‌ 35 خاڵ.

لایپزیگ شه‌وی رابردوو له‌ یاریی كردنه‌وه‌ی گه‌ڕی 18ـدا به‌ 2-1 گۆڵ له‌ شتوتگارتی برده‌وه‌.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆی بۆندسلیگا:
هێرتابه‌رلین – یۆنیون به‌رلین 17:30
ڤێرده‌ربرێمه‌ن – ڤۆلفسبۆرگ 17:30
فرایبۆرگ – ئۆگسبۆرگ 17:30
ماینز – بۆخوم 17:30
هۆفێنهایم – بۆروسیا مۆنشنگلادباخ 17:30
بایرن میونشن – ئینتڕاخت فرانكفۆرت 20:30.