بۆ چارەسەری نرخی دۆلار شاندێكی عێراق دەچێتە واشنتۆن

+964
 هێرۆ مەولودی

لە داهاتوویەکی نزیک شاندێکی ‌حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە بۆ چارەسەری نرخی دۆلار سەردانی واشنتۆن دەکات،  بە قسەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران.

محەمەد شیاع سودانی لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ کەناڵی فرانس24 باسی سەردانی ئەو شاندەی عێراق بۆ ئەمریکا کردووە.

ئەوەشی وتووە، کە شاندەکەی عێراق لەگەڵ بانکی فێدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆدەبنەو ەبۆ چارەسەری کێشەی گرانیی نرخی دۆلار لە بەرانبەر دیناری عێراقی.

ئەو سەرۆک وەزیرانە، هەر لەو چاوپێکەوتنە وتوویەتی، ئابووری ئێستای عێراق باشترینە لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا.

کەمتر لە دوو مانگە نرخی دۆلار ناجێگیرە لە عێراق، هەڵكشان و داکشانی نرخەکەیشی دڵەڕاوکێی خستووەتە ناو هاوڵاتیان، بەوەی کە رەنگە نرخی شتومەک و خواردنیش گران ببێت.

نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ ئەمڕۆ شەممە، بریتیە لە 163 هەزار دینار.