لە هەولێر گردبوونەوە
كەسوكاری ئەنفال و زیندانیانی سیاسی داوای موچە و زەوی دەكەن
ئارام ئەبوزێد – هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە 10.9.2024 لە هەولێر كەسوكاری ئەنفال و زیندانیانی سیاسی لە بەردەم وەزارەتی دارایی گردبوونەوە و داوایان كرد حكومەتی هەرێم موچە و زەوییان پێبدات.
ئەوانەی بەشداریی گردبوونەوەكەیان كرد، نزیكەی 250 كەس دەبوون و لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستانەوە هاتبوون، لەوانە لە هەورامان، هەڵەبجە، چەمچەماڵ و گەرمیان هاتبوون، بەشێكی ئەوان ئەو هاوڵاتییانەن كە لە زیندانەكانی نوگرەسەلمان لە ئەنفالەكان رزگاریان بووە.
سێ لە بەشدارانی گردبوونەوەكە بۆ 964 قسەیان كرد و ئاماژەیان بەوەدا، گشتیان خاوەن ناسنامە و باجی وەرگرتنی موچەن، بەڵام تا ئێستا وەریان نەگرتووە و هیچیان بۆ نەكراوە.
ئەدهەم هەورامی یەكێك لە زیندانیانی سیاسییە و وتی، داوا لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكەین رەزامەندیی بدات بۆ پێدانی موچە و زەوی بە ئێمە، وەزیری دارایی داواكاری ئێمەی واژۆ كردووە و ئێستا داواكارییەكەمان لە ئەنجومەنی وەزیرانە.
مەنیجە عەبدولڕەحیم، یەكێكی دیكەی بەشدارانی گردبوونەوەكەیە و لە هەڵەبجەوە هاتووە.
ئەو هاوسەرەكەی زیندانی سیاسییە و داوا دەكات موچە بۆ هاوسەرەكەی دابین بكرێت، چونكە بە قسەی خۆی ئەوە چەندین جارە دێتە هەولێر و هیچی بۆ ناكرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا