"ئەوان کێشەیان نییە"
پەرلەمانتارێک بە تەیف سامی وتووە ناوەکانی بایۆمەتری تەوتین بکات
964+
ئەحمەد مستەفا
پەرلەمانتارێکی عێراق، داوایەکی خۆی لە وەزیری دارایی عێراق ئاشکراکرد، “بە تەیف سامی وتووە، لیستی موچە بەپێی بایۆمەتری کە کێشەی نەما ئاراستەی بانکەکانی رەشید و رافیدەین و TBIی بکات بۆ تەوتين”.
لە کۆبوونەوەیەکدا، پەرلەمانتار سۆران عومەر داواکەی ئاشکراکردووە و دەشڵێت، بەهۆی ئەو رێکخستنەوە، “لە عێراق بەو هەموو گەندەڵیەوە دەست لەموچە نەدراوەو کێشەی موچەیان نییە”.
بە گوێرەی داتای وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بێت، کۆی ژمارەی موچەخۆران بە (مەدەنی و سەربازی و خانەنشین) یەک ملیۆن و 132 هەزار و 390 کەسە، تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەژماری من وەک تاکە ناوەندی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی موچە سورە.
بەپێی کۆتا داتای هەژماری من، ئەم مانگە 120 هەزار مووچەخۆر دەتوانن لە ئامێری پارە راکێشان موچە وەربگرن، بڕیار وایە لە داهاتوودا ژمارەی ئامێرەکان پارە راکێشان ببن بە 1000 ئامێر، کە ئێستا لە 63 ناوچەی جیاواز 193 ئامێری راکێشانی پارە دانراون.
ئەوە لە کاتێکدا، بە گوێرەی روونکردنەوەی دادگای فیدڕاڵی تا تەوتینی کۆی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی عێراق ئاڕاستەکراوە بۆ ناردنی گوژمە و موچەی فەرمانبەران، تەوتینیش دەبێت لە رێگەی بانکەکانی رەشید و رافیدەین و TBIی بکرێن.
ئەوە لە کاتێکدایە، دوێنی شاندێكی باڵای ئەنجومەنی ئابووریی عێراق بە سەرۆكایەتی فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتنە هەولێر، كە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای عێراق و سەرۆكی بانكی ناوەندیی عێراقیش لە ناو شاندەكەدان و ژمارەیەک دیدار ئەنجام دەدەن.