هێشتا نەكراوەتەوە نۆژەنكرایەوە
پارێزگای هەولێر: کارەکانى نۆژەنکردنەوەى مۆنۆمێنتی شەهیدان تەواو بوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كرد، کارەکانى نۆژەنکردنەوەى مۆنۆمێنتی شەهیدان تەواو بووە و بەم زووانە دەكرێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە هێشتا ئەو مۆنۆمێنتە بە فەرمی نەكراوەتەوە.
بە پێی راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 7.9،2024 پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو سەردانی مۆنۆمێنتەكەی كردووە بە مەبەستی چۆنیەتی نۆژەنكردنەوەی.
سەرچاوەكە ئاماژە بەوە دەكات، 5 ملیار و 974 ملیۆن و 204 هەزار دینار لەسەر بودجەى پارێزگای هەولێر بۆ نۆژەنکردنەوەی مۆنۆمێنتەكە خەرج كراوە و كارەكانی تەواو بووە و بەم نزیکانە بەڕووى هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە.
مۆنۆمێنتی شەهیدان، کە کەوتووەتە بەرزاییەکانى ناحیەى كەسنەزانی نزیك هەولێر، 14 ساڵ لەمەوبەر تەواو كراوە و لە لایەن تەلارساز و نووسەر خەسرەو جاف دیزاین و دروست كراوە، بەڵام بە فەرمی نەكرایەوە و جارێكی دیكە كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ كرا.
خەسرەو جاف لە لێدوانێكی پێشوویدا لە 23.6.2024 بە 964ی راگەیاندبوو، “لە 8.9.2010 بە فەرمی پرۆژەکەم پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کرد و تەواوی کارەکان وەک خۆی جێبەجێکران”.
ئەو كات ئەوەشی وت، “یەکەمین مۆنۆمێنتە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە ئەندازەییە دروستکرابێت، بهڵام لهو كاره پهشیمانم”.