سبەی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە
964+
كوردستان ئەحمەد
سبەی شەممە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە دەباشان كۆدەبنەوە، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ تۆڕی 964.
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، سبەینێ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كۆدەبنەوە.
هەروەها وتی، کۆبوونەوەکە لە دەباشان دەکرێت لە سلێمانی، كاتژمێر 11 پێشنیوەڕۆ.
ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بۆ قسەكردنە لەسەر دۆخی ئاڵۆزی نێوان هەردوو حزب و بەشدارینەكردنی تیمی یەكێتی لە كۆبوونەوەكانی حكومەت و هەروەها ئامادەكاری دەكەن بۆ كۆبوونەوەی لوتكە لە نێوان سەرۆكایەتی هەردوولایان.
لە پاش کوژرانی هاوکار جاف، کە فەرماندەیەکی دژەتیرۆری کوردستان بوو لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو، ئەو دوو حزبە کۆنەبوونەتەوە لەسەر ئاستی باڵا.
لە دوای کوژرانی ئەو فەرماندەیە، کە پارتی ژمارەیەک کەسی ناو یەکێتی بە کوشتنی تۆمەتبار دەکات، ئاڵۆزییەکانی نێوانیان زیاتر بوو، بە جۆرێک ئێستا تیمی یەکێتی ناچێتە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران.