پێشنیارێكه‌ بۆ كاندیده‌كانى په‌رله‌مان

“له‌ جیاتى چه‌ك كتێب ببه‌خشنه‌وه‌”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له ‌هه‌ولێر، پێشنیارێك بۆ كاندیده‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كراوه‌، كه‌ له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى چه‌ك ببه‌خشنه‌وه‌ به‌ ده‌نگده‌ران، باشتره‌ كتێب ببه‌خشنه‌وه‌.

پێشنیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن ماڵى وه‌فایی كراوه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ كه‌ ناوه‌نده‌ دیاره‌كانى كتێب فرۆشتن له‌هه‌رێمی كوردستان.

رێبین فه‌تاح، خاوه‌نى ماڵى وه‌فایی به‌ 964ـى وت، پێشنیاره‌كه‌یان بۆ كاندیده‌كان دوو ره‌هه‌ندى له‌خۆگرتووه‌، یه‌كه‌میان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان زمانى توندوتیژى و چه‌ك زاڵه‌ و دووه‌میشیان له‌ كارنامه‌ى ته‌واوى لایه‌ن و كاندیده‌كان باس كۆمه‌ڵگه‌ى مۆدێرن ده‌كرێت، بۆ ئه‌مه‌ كتێبه‌ یه‌كێك له‌و ره‌مزانه‌ى كه‌ ده‌توانێت توندوتیژى نه‌هێبڵێت و كۆمه‌ڵگاش به‌ره‌وپێش ببات.

وتیشی “زیاتر له‌ هه‌زار كاندیدمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌مجاره‌ى هه‌ڵبژاردن و هه‌ریه‌كێك له‌وانه‌ پاره‌یه‌كی زۆر خه‌رج ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند 100 كتێبێك ببه‌خشنه‌ ده‌نگداران په‌یامى كارنامه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن”.

روونی كرده‌وه‌، به‌هۆى ئه‌و قه‌یرانه‌ دراییه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ رووى له‌ هه‌رێم كردووه‌، خه‌ڵكانێك هه‌ن ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستكورتن ته‌نانه‌ت ناتوانن كتێبێكیش بكڕن.

پێشنیازه‌كه‌ى ماڵى وه‌فایی بۆ سەرجەم هێز و قەوارە سیاسی و کاندیده‌كان، لە ڕوانگەی باوەڕبوونیانه‌ بە پێشخستنی بواری رۆشنبیری و برەودان بە کەلتووری خوێندنەوە و دەستگیرۆیی خوێنەران، كه‌ له‌ كارنامه‌ى هه‌موویان باسی لێده‌كرێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، کاندیدان دەتوانن بە دروستکردنی کتێخانە لە گوند و شارەدێ و ناوچە دوورەدەستەکاندا، دەستپێشخەرییەکەیان جددیتر بکەن. ئەوان دەتوانن کتێبی جیاجیا پێشکەش بە قوتابخانە و کتێبخانە گشتییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەن.

"ئاگاتان لێیە كتێبفرۆشی سواڵكه‌ر په‌یدا بووه‌"