کەمیکردووە
لە شەش مانگدا عێراق 46 ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ ئەمریکا ناردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، “عێراق لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 زیاتر لە 46 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و وەرگیراوەکانی هەناردەی ئەمریکا کردووە”.
بە گوێرەی خشتەیەک لە ئیدارەی وزەی ئەمەریکا دەریخستووە، “هەناردەی نەوتی عێراق و وەرگیراوەکانی لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، 46 ملیۆن و 49 هەزار بەرمیل نەوت بووە”.
ئەوە لە کاتێکدا، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023، عێراق نزیکەی 65 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردەی وڵاتەکەی کردووە و بەراورد بە ساڵی 2022، هەناردەكردنى نەوتى عێراق بۆ ئەو وڵاتە به رێژهی لە33.5% زیادی کردووە، بەڵام بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 پێچەوانە بووەتەوە.
پێشتر عێراق ئاماژەی بەوەکردبوو، لە ماوەی مانگی حوزەیران، وڵاتەکە نزیکەی هەشت ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت و بەرهەمەکانی هەناردە کردووە، بە بەراورد بە مانگی ئایار کە قەبارەی هەناردەکردنی گەیشتووەتە هەشت ملیۆن و 460 هەزار بەرمیل.
وزەی ئەمریکا زانیاری ئەوەشی راگەیاندووە، هەناردەی نەوتی خاو و بەرهەمەکانی ئۆپێک بۆ ئەمریکا لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، 227 ملیۆن و 159 هەزار بەرمیل بووە، کە سعودیە بەرزترین رێژەی هەناردەکردنی بۆ ئەمەریکا هەبووە و گەیشتووەتە 69 ملیۆن و 459 هەزار بەرمیل لە هەمان ماوەی ساڵەکەدا.
رۆژی چوارشەممە لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکان، نرخی نەوتی خاوی قورس و مامناوەندی بەسرە بەرزبووەوە، سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی نەوتی خاو 89 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 72.39 دۆلار، نرخی نەوتی خاوی بەسرە 89 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 75 دۆلار و 39 سەنت.