شوێنەوارناسێک وادەڵێت:

فریاى گۆڕستانى سیکەنە بکەون

964+

وریا فەتاح

هۆشدارى دەدرێت لە لەناوچوونى گۆڕستانى مێژوویى سیکەنە کە گۆڕستانێکى کۆن و مێژوویى کوردستان و پشدەرە، شوێنەوارناسێک دەڵێت، ئەگەر ئاوا بڕوات وێران دەبێت.

فەرهاد ناسر کە شوێنەوارناسێکى دانیشتووى ناحیەى ژاراوەیە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت، گۆڕستانى کۆنى سیکەنە کە گۆڕستانێکى کۆنى ئیسلامییە، ئەگەر بەم شێوازەى ئێستا پشتگوێبخرێت، لە چەند ساڵی داهاتوودا کێلەکان دەستی تێکدەرانەیان دەگاتێ و وەکو زۆرێک لە گۆڕستانە مێژووییەکانى ناوچە شوێنەوارییەکانی تر وێران دەکرێت.

“ئەم گۆڕستانە، کێلی گۆڕەکانی ئاسایی نین و گەورەن و رەمز و وێنەی جۆراوجۆریان لەسەر هەڵکوڵراوە و دەلالەت لە خاوەنی گۆڕەکە دەکەن”، فەرهاد ناسر واى وت.

داواش دەکات، پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بە شوێنەوار بێنە سەرخەت و رێکاری گرنگ بۆ پاراستنی بگرنەبەر بەتایبەت دانانى کامێراى چاودێرى یان دانانى پاسەوان، چونکە وەک دەڵێت، مەترسییەکانی ئەوەیە، لە کوردستان لەم جۆرە کێلانە هەبووە بەشێکیان براون یان تێکدراون دوور نییە ئەوەش هەمان چارەنووسی هەبێت.

گۆڕستانەکە بووەتە دوا مەنزڵی پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام، مەسیح و جوو، هەر بەناوی ئەو گوندەشەوە ناونراوە کە لێیەوە نزیکە، “سیکەنە”، سیکەنە دەکەوێتە نزیک ناحیەی ژاراوە لە قەزای پشدەر 166 کیلۆمەتر لە باکوری سلێمانی، بە یەکێک لە کۆنترین گۆڕستانەکانی کوردستان دادەنرێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی لێکۆڵەر و شوێنەوارناس محەمەد عەلی بێت کە پێشتر لە لێدوانێکیدا لە بارەى گۆڕستانەکەوە بۆ 964 قسەى کردبوو، مێژووی گۆڕەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی حەڤدەیەم.

هێما و نیشانەی سەر کێلەکان، لە خۆر، خاچ، ئەستێرە، شمشێر، چەک پێکهاتوون و بەشێکیان دروشمی و نوسینی ئاینیان لەسەرە، بە قسەی ئەو لێکۆڵەرە بێت، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ئەو ناوچەیە، پەیڕەوانی چەند ئاینێکی جیاواز تێیدا ژیاون و مردووەکانیان لەو ناوچە و لە شێوەی مەرقەد و گۆڕی کۆمەڵ بە کۆمەڵ بە خاکسپاردووە.

تاوەکو ئێستاش ئەو گۆڕستانە وەکو شوێنێکی “پیرۆز دەبینرێت” لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە، بۆیە ئێستاش ئەو خێزان و کەسانەی دووری رێگەکە و سەلامەتیان ئاسان بۆیان دەستدەدات، تەرمی کەسوکارەکانیان دەبەنەوە ئەوێ و لەوێ بەخاکیاندەسپێرن، ئەوەش وایکردووە بەشێک لە گۆڕی هاوسەردەم و تازەش لەناو گۆڕستانەکەدا هەبێت.

لە گۆڕستانێک مسوڵمان، مەسیح و جوو پێکەوە بە خاکسپێردرا...

لە گۆڕستانێک مسوڵمان، مەسیح و جوو پێکەوە بە خاکسپێردراون