نەبوونی پارە بانکەکانی دهۆکیشی گرتەوە
964+
عەمار عەزیز
لەکۆی 10 پەروەردە لە سنوری پارێزگای دهۆک، هەشتیان موچەی وانەبێژانیان نەداوە بۆ مانگی 12ی 2022، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پارە (سیولە) لە بانکەکاندا، بە قسەی نوێنەری وانەبێژان کە ئەویش لە بانکەکانەوە پێی وتراوە.
عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە توڕی 964ی وت “ئێمە نزیک دەبینەوە لە مانگی شوبات کەچی هێشتا هەشت پەروەردە لە سنوری پارێزگای دهوک شایستە داراییەکانیان نەداوە بە وانەبێژان، لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و بانکەکانی دهۆک قسەم کردووە، ئەوان دەڵێن سیولە یان نییە”.
عەلی رەئوف دەڵێت، ئەمان باوەڕیان بەو قسانە نییە و تەنیا “بیانوون”.
تۆڕی 964 دەزانێت، کێشەی نەبوونی پارە تەنها پەیوەست نییە بە پارێزگای دهۆک، لە هەولێر و سلێمانیش بە هەمانشێوە دەیان پەروەردە هەن کە هێشتا موچەی وانەبێژانیان نەداوە.
عەلی رەئوف زیاتری وت “خۆم 16 جار لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و 36 جار لە بەردەم پەروەردەکان داوای مافی وانەبێژانم کردووە، هەموو جارێک 100 بۆ 200 وانەبێژ ئامادە دەبن، دەربڕینی هەڵوێست و ناڕەزایی بە تەنیا بە ئێمە ناکرێت، دەبێت هەموو وانەبێژان ئامادەبن”.