لەم هەفتەیە 60 تانکەر نەوتەکە دابەش دەکرێت
+964
فەرمان سادق
چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیە 60 تانکەر نەوتەکەی عێراق بگاتە کوردستان و دەست بەدابەشکردنی بکرێت.
ئەو دوو ملیۆن لیتر نەوتەی کە حکومەتی عێراق بەخۆڕایی بە هەرێمی کوردستانی داوە، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا بگاتە هەرێم، ئەمەش لە کاتێکدایە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە نرخی 500 دینار بە هەرێمی کوردستان بدات.
بەپێی سۆراغێکی تۆڕی964، هێشتا دیار نییە بە دیاریکراوی کەی 60 تانکەرە نەوتە و 50 ملیۆن لیترەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێ، لەم هەفتەیە دەگات و 30 تانکەری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕینە، 30 تانکەرەکەی دیکەشی بۆ هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆیە.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنهى وزه وسامانە سروشتیهكان و پیشهسازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی964ـی راگەیاند: بەگوێرەی زانیارییەکان لەم هەفتەیە نەوتەکە دەگات.
زیاتر وتی “جگە لەو 60 تانکەرە نەوتە، ئەوا حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی داوە بە نرخی 500 دینار بۆ هەر لیترێک”.
ئەو 60 تانکەرە کە حکومەتی عێراق دەڵێ دوو ملیۆن لیترە، دەبێت هەر تانکەرێک 33 هەزار و 330 لیتر نەوت بار بکات نەک 36 هەزار لیتر کە تانکەری نەوت ئەو بڕە نەوتە دەگرێت.