لە هەفتەی داهاتووەوە
سەگە بێ لانەکانی ئیدارەی راپەڕین دەبرێنە سلێمانی
964+
ژێوار خدر
رێکخراوێک لە سلێمانییەوە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوەی سەگە بێلانەکانی ئیدارە راپەڕین بۆ شێڵتەرێک لە سلێمانی، بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتووەوە هەڵمەتێک دەستپێبکەن و تەواوی سەگەکانی ناو سەنتەری شارەکانی ئیدارەی راپەڕین کۆ بکەنەوە.
حسێن مەحمود، قایمقامی قەزای رانیە بە 964ـی وت، رێکخراوەکە خۆیان پەیوەندییان بە هیوا قەرەنی – سەرپەرشتییاری ئیدارەی راپەڕینەوە کردووە و وتویانە سەگەکان دەگوازینەوە بۆ شەڵتەرێک لە شاری سلێمانی، بەهۆی ئەوەی لە ئیدارەی راپەرین تاوەکو ئێستا هیچ شەڵتەرێک نییە بۆ ئاژەڵی بێلانە.
وتیشی، جاران چونکە زبڵ و پاشماوەکان ژێرخاک نەدەکران و لە دەرەوەی شارەکان فڕێدەدران، ئاژەڵە بێلانەکان لەسەر ئەو پاشماوانە خواردنییان دەست دەکەوت و نەدەهاتنە ناو شارەکان، بەڵام ئێستا بەهۆی ژێرخاک کردنی زبڵەوە هیچ خواردنێکییان دەستناکەوێت و ناچار روویان لەناو شارەکان کردووە، ئەمەش وایکردووە رێژەیان زۆربیت لەناو شارەکان.
بەپێی لێدوانی قایمقامی قەزای رانیە، رێکخراوەکە لە هەفتەی داهاتووەوە سەردانی ئیدارەی راپەڕین دەکەن و سەگەکان کۆدەکەنەوە و ئەوانیش هاوکارییان دەبن بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوەیان.