سەرژمێرى دەکرێت
دوو رۆژ لە مانگى 11 قەدەغەى هاتووچۆ لە عێراق و هەرێم راگەیەندرا
964+
وریا فەتاح
ئەنجومەنى باڵا بۆ دانیشتوان رایگەیاند، رۆژانى 20 و 21ـى مانگى 11ـى 2024، لە سەرتاسەرى عێراقدا قەدەغەى هاتوچۆ دەبێت بەهۆى سەرژمێرى دانیشتووان.
بەپێى بەیاننامەیەکى نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە محەمەد شیاع سودانى سەرپەرشتى سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵا بۆ دانیشتووانی کردووە، تاوتوێى ئامادەکارییەکانى پڕۆسەى سەرژمێرى گشتیى کراون.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار پەسەندکراون ئەوەش وەک کارئاسانییەک بۆ ئامادەکارى پڕۆسەى راهێنانى سەرژمێرى.
بەپێى یەکێک لە بڕیارەکان، لەسەرجەم پارێزگاکانى عێراقدا لە رۆژانی 20 و 21ـى تشرینی دووەمی داهاتوو، قەدەغەى هاتوچۆ دەبێت.
27 ساڵە لە عێراقدا پڕۆسەى سەرژمێرى ئەنجام نەدراوە و دوینجار پڕۆسەى سەرژمێرى ساڵى 1997 بوو کە ئەوکات دانیشتوانى عێراق بەبێ هەرێم 19 ملیۆن و 184 هەزار 543 کەس بوو.