بڕیاری كێیە؟
عێراق بەرهەمهێنانی نەوت كەم دەكاتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بەرهەمهێنانی نەوت كەم دەكەنەوە و ئەمە بڕیاری 23 وڵاتی ئەندامی ئۆپێك پڵەسە.
وەزارەتەكە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، بەرهەمهێنانی نەوت كەمدەكەنەوە و عێراق پابەندە بە بڕیاری 23 وڵاتی ئەندامی رێكخراوی ئۆپیك پڵەس.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، بڕیارەكە دوای لێكۆڵینەوە و لێوردبوونەوەیە دراوە و ئامانجەكەشی بریتییە لە پاراستنی سەقامگیری نرخی نەوت لە بازاڕدا و رێگریکردنە لە دابەزینی بەهۆی پێشهاتە سیاسییەكان، كە ئێستا لە جیهاندا روودەدەن.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوت لەم بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان دوای رێککەوتنی هەردوو گرووپی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس هات لەگەڵ کۆی گشتی 23 وڵات، عێراقیش پابەندە بە رێککەوتنەکانی ئۆپێک پڵەس و پاڵپشتی هەوڵەکانی ئۆپێک دەکات، کە بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندی بەرهەمهێنەراندایە و هەروەها لە بەرژەوەندیی بەكارهێنەرانیشدایە.
هەروەها دەڵێت، “بڕیاری کەمکردنەوەکە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر عێراق یان لەسەر وڵاتانی بەرهەمهێن دەبێت، ئامانجیشی پاراستنی نرخەکانە لە نێوان 70-80 دۆلار و رێگریکردنە لە دابەزینی زیاتر، کە کاریگەریی لەسەر وڵاتان هەبێت، هەر كاتێکیش خواست بەرزبووەوە، عێراق ئامادەیە قەبارەی بەرهەمهێنان زیاد بكات، بەڵام ئێستا خواست بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.
ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە، لەوەتەی 25.3.2024 هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان وەستاوە و تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك لە بارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردن لە نێوان هەرێم و بەغدا نەكراوە، ئەمەش بە گوێرەی لێدوانی پێشووی بەرپرسانی هەردوولا، زیانی بە ئابووریی كوردستان و عێراقیش گەیاندووە، هەروەها لە ئاداری ئەمساڵ کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان “ئەپیکۆر” راپۆرتێكی لە یادی یەك ساڵەی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بڵاوكردەوە، تێیدا ئەوەی ئاشكرا كرد هەرێمی كوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان 11 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، بەهۆی وەستانی هەناردە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.