عێراق

سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی بۆ 311 بازرگانی مادەی هۆشبەر دەرچوو


ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی بۆ ژمارەیەكی زۆری بارزگانی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەر و ناوخۆیی دەرچووە، كە ژمارەیان 311 كەسە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا.

وەزارەتەكە ئەمڕۆ هەینی 30.8.2024 لە راگەیاندراوێكدا كە كۆپییەكی بە 964 گەیشتووە، ئەو زانیارییانەی ئاشكرا كرد و تێیدا وتەبێژ بەناوی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق عەمید میقداد میری دەڵێت، “90 بازرگانی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەر و 221 بازرگانی ناوخۆیی، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا كەوتوونەتە دەست بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مادەی هۆشبەر و بە پێی بڕیارەكانی دادگا ژمارەیەكیان سزای لەسێدارەدان و ژمارەیەكیشیان سزای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ دەرچووە.

لە راگەیاندراوەكەدا، ئاماژە بەوە نەكراوە ئەوانەی سێدارەیان بۆ دەرچووە چەندن و ئەوانی هەتاهەتایی بەند دەكرێن چەندن.

لە لایەكی دیكەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مادەی هۆشبەر لە عێراق ئاشكرای كرد، لە سەرەتای 2024 تا ئێستا دەستیان بەسەر نزیكەی سێ تۆن مادەی هۆشبەردا گرتووە.