شاندەکەی پەرلەمان: بە هەگبەی پڕەوە گەڕاینەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
شاندێکی پەرلەمانی کوردستان کە سەردانی بەغدایان کردبوو گەڕاونەتەوە هەرێم و ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، سەردانەکەیان ئەنجامی باشی پێکاوە.
ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شاندێکی پەرلەمانی کوردستان، کە لە ئەندامانی لیژنەی ناوخۆ پێکهاتبوون سەردانی بەغدایان کرد و تۆڕی964 دەزانێت، 4 دۆسییەیان لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسکردووە.
شاخەوان رەئوف بەگ، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی964ـی راگەیاند: پرسی تۆپبارانەکانی سەر هەرێم و بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، زیادکردنی پشکی هەرێم لە پاسەوانی سنوور و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی ئەو تەوەرانە بوون باسکراون.
دەشڵێت: هەماهەنگییەکی زۆر باش هەبوو، بڕیاری دروستکردنی کۆمیتەیەکمان دا لەنێوان هەردوو پەرلەمانتارەکە بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە یەکتری و دانیشتنی زیاتر بەیەکەوە.یەکەمجارە لیژنەیەکی تایبەتمەندی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆ سەردانی لیژنە هاوتاکەی بکات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
“لیژنەی بەرگری لەسەر هەر 4 دۆسییەکە هاوڕا بوون و بڕیاردرا چی پێویست بێت لە لایەن ئەوانەوە ئەنجام بدرێت، بڕیاریشە ئەو لیژنەیە سەردانی هەرێم بکاتەوە”، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان وای وت.