23 هەزار کەسى لێده‌ژی
نه‌بوونى كارمه‌ند پێنج ساڵ بوو بەشی تیشکى لە ناحیەی سەرسنگ داخستبوو
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
دوای زیاتر لە پێنج ساڵ داخستنی بەشی تیشک لە بنکەیه‌كی ته‌ندروستى ناحیەی سەرسنگ، دووباره ئه‌م به‌شه دەکرێتەوە، تەندروستی ئامێدیش دەلێت، له‌سه‌ر بودجەی تەندروستی کەلوپەلی پێویست دابینکراوە و کارمەندێکیش ئاماده‌كراوه بۆ بەشەکە.
لە قەزای ئامێدی دوو نەخۆشخانەی گشتیی هەن، لەگەڵ 27 بنکەی تەندروستی كه كه‌وتوونه‌ته ناحیەکان. زۆربەی بنکەکان بەشی تیشکیان نییە، ناچار هاوڵاتیانی گونده و ناحیەکان سەردانی نەخۆشخانەی سەنتەری قەزا یان سه‌ردانى دهۆکیان كردووه.
مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی بە 964ی وت، بەهۆی کێشەی نەبوون و کەمی کارمەندی تەندروستی لە ئامێدی و وەستانی گرێبەست و دامەزراندن، زیاتر لە پێنج ساڵ بەشی تیشک لەناحیەی سەرسنگ و کۆمەڵگەی قەدش داخرابوو.
وتیشی “لە ئێستادا ئه‌م به‌شه‌مان لە بنکەی ته‌ندروستى گارە داناوه و بەمزوانە دەکرێتەوە”.
باس لەوەش ده‌كات، هەوڵدەدەن بەشی تیشک لە چەند ناحیەی دیكه‌ش بە تایبەتی کۆمەڵگەی قەدش بکەنەوە، به‌ڵام ده‌ڵێت “تاکە کێشەمان نەبوونی کارمەندی تەندروستییە لە دەڤەرەکە”.
ناحیەی سەرسنگ یەکێکە لەو شەش ناحیەیه‌ی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک كه ژمارەی دانیشتووانی ناحیەکە زیاترە لە 23 هەزار کەسه.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن